سەردانی ئەنجومەنی پشتیوانی هەڵەبجە بۆ لای بارزانی، کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا کە لە ڕاستیدا پێویستی بەو کاردانەوەیە نەبوو، هەندێك کەس رەخنەی جدی لێ گرت بە تەنیشت رەخنەی لە سیستمی حیزبی و حکومڕانی ئەم وڵاتەوە، هەندێکیتریش وەک هەر شتێکیتر توند و زبر کەوتە وێزەی سەردانەکە و ئەندامەکانی بەشداری کۆبونەوەکە.
"حەق نیە ئەوەندە ئاسان بکەوینە شکاندنی باشەکانی خۆمان تا بازنەی خەڵکە باشەکە بچوکتر نەکەینەوە"
لێرەدا من نامەوێ باس لە ئەنجومەنەکە و پێکهاتەکەی بکەم ئەوە پرسێکیترە و زیاتر پەیوەندیدارە بەوکەسانەوە کە لە سنوری هەڵەبجەو هەورامان و دەوروبەریدا دەژین بەڵام سەبارەت بەو سەردانە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە کراو هەندێك نوسین و قسەش لە بارەیانەوە هەموو سنورەکانی تێپەڕ کرد و بێویژدانانە و کوێرانە کەوتنە گیانی ئەنجومەنەکە، کە لە راستیدا حەق نیە ئەوەندە ئاسان بکەوینە شکاندنی باشەکانی خۆمان ئەگەرچی کارێکیشیان کردبێ بە تێڕوانینی تۆ شایەنی ڕەخنەبێ، کە ڕەنگە واش نەبێ و هەڵەکە لە تێڕوانینی تۆدابێ، بۆیە نابێ دڵفراوانبین لە تێکشکاندنی مرۆڤە باشەکانی خۆمان، کە من گومانی باشم پێیان هەیە و ئەوانەیان کە دەیانناسم بە مرۆڤی ساغی ئەم کۆمەڵگەیەیان دەزانم و پێموانیە ئەو هەموو خەڵکە کامڵە شایەنی ئەم جۆرە مامەڵەیەی کۆمەڵگەکەمان بن، بەتایبەت ژمارەیەکیان لە کایە سیاسیەکەشدا خەڵکی خاوەن هەڵوێستن و بۆ چنگخستنی بەرژەوەندی شەخسی پێویستیان بەسەردان نیە و گەر هەنگاوێك لە دەسەڵات بچنە پێشەوە دەسەڵات دەهەنگاو لێیان دەچیتە پێشەوە.
ناکرێت هەزاران باشەی مرۆڤ نەبێتە شفاعەتکاری یەک کار کە بە تێڕوانینی تۆ هەڵەیە، بەتایبەت هەنگاوەکە شەخسی نەبێت و بە تەنیشت بەرژەوەندی گشتیەوە نرابێت، دەکريت من و تۆ لەگەڵ سەردانەکەدا نەبین، دەکرێت ڕەخنەی جدی بگرین لەم سەردانانە و سیستمی حیزبی و ئیداری ئەم وڵاتە، دەکرێت وردتر لە باشی خراپی ئەم جۆرە سەردانانە بنوسین تا بەرچاو ڕونیبن بۆ داهاتوو، بەڵام ناکرێ بە زمانێک بدوێین کە شایەنی پێگەو ڕێگەی بەرامبەرەکانمان نەبێت، ناکرێت لە پاڵ ڕەخنە گرتن لەم سەردانەدا بتەوێ ناشیرینیە کانی خۆت بشاریتەوە یان رقی شەخسی و دەرونی خۆتی تێکەڵ بکەیت، من گومانم وایە ئەو سەردانە خاڵی نەبوە لە ڕەخنەی جدی لە سیستمی حیزبی و ئیدارەدانی خراپی ئەم وڵاتە و پێداگری لە بەرژەوەندی گشتی، ئیتر تۆش چۆن بیردەکەیتەوە ئاساییە بەڵام تکایە کارێك مەکەن بازنەی خەڵکە باشەکەی کۆمەڵگە تەسك ببێتەوە، چیمان دەستدەکەوێت لەم بەردبارانکرنە، خۆ ئەگەر ئەم ئەنجومەنە هەڵەیەکی گەورەیان کردوە وەرن با لێیان خۆشنەبین و بەردبارانیان بکەین.
عوسمان گوڵپی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق