پێشمەرگە وەک قوربانییەکی هیندستانیی؛
کێ لە دۆخی خراپی پێشمەرگەکانی کوردستان بەرپرسە؟
زیاتر لە دە ساڵە، هەواڵی هات و نەهاتی موچە، بڕین و پاشەکەوت، قرتاندن و کەمبوونەوە، ژیانی کۆمەڵگەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەنیوە، بەڵام پێشمەرگە بە داخەوە قوربانی یەکەمی ئەم بەرزو نزمییەی هەواڵەکانی موچەیە. پێشمەرگە سەربەرزن، خۆشەویست و گەورەمانن، رێزیان واجبە، بەڵام بە دەست کۆمەڵگەیەکی رەق و بێرەحم و بێ بەزییەوە بە داخەوە لە هەمووان زیاتر قوربانی ئەم دۆخەن، هەر ئەوەشە ساڵانە هەواڵە ناخۆشەکانی پێشمەرگەیەک ڤیدیۆی نەبوونیی و نەدارییەکەی بڵاودەبێتەوە، و پێشمەرگەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، و پێشمەرگەیەک … تاد، تەزووی جەرگبڕ بە گیانی هەموومان دێنێت و واقمان وڕ دەمێنێ بە دیار ئەم جۆرە هەواڵانەوە.
دەیان هەزار کەس لەو کوردستاندا کێشەی دواکەوتنی موچەیان هەیە و خۆی و خانەوادە و منداڵەکانیان لە قەیرانی سەختی ژیاندان، بەڵام هێشتا تروسکایی و هێشتا ئومێدیان هەیە کە هاوکارییەک بکرێن لە لایەن خەڵک و رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە، یان هیچ نا بە پارەیەکی کەمیش بێت لە کۆمپانیایەک، شوێنێک کارێکیان پێ دەدرێت.
بەڵام ئەمە بۆ پێشمەرگە تەواو پێچەوانەیە، بۆ پێشمەرگە دەرگایەکی داخراوە، بۆ پێشمەرگە نەفرەتە، کۆمەڵگەی بێرەحم لە جیاتی ئەوەی هاوکاری پێشمەرگە نەدار و هەژارەکان بکات، لە جیاتی ئەوەی ئەگەر لە چوارچێوەی پرۆژەی خێرخوازی و چاکەکاریشدا بێت یارمەتییان بدرێت، نازیان بکێشرێت، دەست بەسەر منداڵەکانیاندا بهێنرێت و سفروی ساردوسڕی خانەوادەکانیان گەرم بکرێتەوە، هەزاران تانە و تەشەری نامرۆڤانەیان لێ دەگرن، کە (بۆ کێی دەکەن، بۆ واز ناهێنن، ئێوە پارەێزەری ئەم حکومەتەن، ئەگەر ئێوە نەبن ئەم دۆخە چاک دەبێت، ئێوە هەمووتان بێ توانان، ئێوە خۆتان بندیواری پارتی و یەکێتن، ئێوە بێ غیرەتن … و تاد) دەیان ناو و ناتۆرەی بێ ویژدانانە، کە تەنها پێشمەرگەی کوردستان ئەوەندە ئازان بەرگەیان دەگرن، لەگەڵ ئەوەی کە قوربانییەکانی ئەم زوڵم و ستەمە نامرۆڤانەیە، ئەم دڵرەقیی و شەڕە دەروونییە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن.
جارێ هەر لێرە شتێکم نوسی، لە وڵاتانی ئاسیا و بە تایبەت هیندستان، توێژێکی کۆمەڵگە هەن کە پێیان دەوترێت توێژی "Untouchable" کە ئەو توێژ/کاستەن کە لە ئێستا زیاتر 200 ملیۆن کەس دەبن، کە لانە و شوێنی ژیانیان نیە، مافی خوێندن، بازاڕ، دادگا، هاوسەرگیری و کار و بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسییان نیە، توێژی دەوڵەمەند بێزیان نایەت هیچ جۆرە تێکەڵاوییەکیان بکەن و بە توێژی "دەستلێنەدراو" ناسراون کە وشەی پڕبەپێستی لە زمانی کوردیدا دەبێتە "توێژی قێزەون". خوایە پەنات پێدەگرین ئەو رۆژە نەبینین، هیچ توێژێکی کۆمەڵگەی ئێمە بە تایبەت پێشمەرگە سەربەرزەکان ئاوا سەیریان بکرێن، چونکە ئێمە لە بازارێکی شێواوداین، و ئایدۆلۆجیا، ویژدان، کلتور، و هەستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و حزبیی، مرۆڤ ناچار ناکەن "باش بێت، خراپە نەکات و خراپە قبوڵ نەکات، یەکسانیی ببینێت، هەوڵی دادگەری بدات،"، بەڵکو ئەوەی دەتوانێت مرۆڤ لە خراپەکاری، قۆرخکاری و تەعلیقبازیی، هێرشی بێ ڕەحم و بێ ویژدانی ڕابگرێت، سیستەمی حوکمڕانیی و دەوڵەتە، بۆیەش ئەگەر حکومەت فریا نەکەوێت کۆمەڵگەی کوردی بەرەو دابەشبوونێکی مەترسیدار دەڕوات، دابەشبوونێک کە "توێژی دەوڵەمەند" و "توێژی قێزەوەن" دروست دەکات، دابەشبوونێک داهاتوومان رەش دەکات. د. موئمین زەڵمی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق