59 پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن دان بە فەlەستیندا بنێت وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دەشڵێن، پێویستە حکومەتی وڵاتەکەیان ژمارەیەک رێکار بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە ئیسرائیل بکەن لە جێبەجێکردنی پلانی رەفەح و راگواستنی دانیشتووانی غەززە.
12ی تەممووزی 2025، میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، 59 پەرلەمانتاری وڵاتەکەیان نامەیەکیان بۆ دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ناردووە و نووسیوویانە، "بە داننەنان بە فەلەستیندا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، سیاسەتی چارەسەری دوو دەوڵەتی خۆمان پشتگوێ دەخەین".
پەرلەمانتارەکان زۆرینەیان لە گرووپی هاوڕێیانی کار بۆ پاڵپشتیکردنی فەلەستین و گرووپی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوون. پێکهێنەری هەردوو گرووپەکە زۆرینەیان لە پارتی کارن.
ئەو پەرلەمانتارانە داواش دەکەن حکومەتی وڵاتەکەیان رێگری لە پلانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ راگواستنی تەواوی دانیشتووانی غەززە بۆ باشووری کەرتەکە و پاشان وەدەرنانیان لە کەرتی غەززە بکات. پلانەکە ناوی "پلانی رەفەحە" و پەرلەمانتارەکان دەڵێن، ئەو کارەی تەل ئەڤیڤ "پاکتاوی نەژادییە".
بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێک ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، گواستنەوەی دانیشتووان بۆ باشووری غەززە، بۆ جیاکردنەوەیانە لە چەکدارانی حەماس.
نامەی ئەو پەرلەمانتارانە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "ئەمڕۆ، بەیەکەوە کار بۆ دانان بە دەوڵەتی فەلەستین و دەستپێشخەرییەکی سیاسی وەکو تاکە رێگەی ئاشتی دەکەین".
هەنگاوی ئەو دوو دەوڵەتە دوای ئەوە هات کە پار هەریەک لە نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا. تاوەکو ئێستا لە 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان 150یان دانیان بە فەلەستیندا ناوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق