رێگای کەریم بنزیما بۆ گەیشتن بە لووتکەی تۆپی پێی جیهان رێگایەکی ئاسان و چێنراو نەبوو بە گوڵ. رێک پێچەوانەکەی راست بوو. ژیانی پیشەیی و کەسیی ئەو بە زنجیرەیەک قەیرانی گەورە تێپەڕی کە نزیکبوون لەوەی ژیانی لەنێوببەن.
بەڵام سەیر لەوەدایە ئەم ئاڵنگارییانە کارەکتەری ئەویان لەقاڵبدا و هێزێکی پۆڵایینیان پێبەخشی، وایکرد کە ببێتە یەکێک لە یاریزانە خۆڕاگر و هەرە سەرکەوتووەکانی جیهانی تۆپی پێ.
ئەو کە تازە لەگەڵ ئیتیحادی سعودیە دوو نازناوی ناوخۆیی بەدەستهێناوە، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بووتە ئەو ئەستێرەیەی کە بەنزیکەیی هەموو شتێکی لە تۆپی پێ بەدەستهێناوە، بە چامپیۆنزلیگ و باڵۆندۆریشەوە:
1 - سکانداڵێکی سێکسی کە نزیکبوو ژیانی لەنێوببات
دۆسێیەی "تۆماری سێکسی" ساڵی 2015 کە ماتیۆ ڤالبوینای هاوڕێی تیپەکەی تێدابوو، دیارترین و وێرانکەرترین قەیرانە لە ژیانی وەرزشیی بنزیمادا.
ئەو تۆمەتبارکرا بەتێوەگلان لە قۆستنەوەی ڤالبوینا لەسەر تۆمارێکی سێکسی، تۆمەتێک کە نزیکبوو لە کۆتاییپێهێنانی تەواو بە ژیانی پیشەیی ئەو. لە وڵاتەکەیدا ناوی "persona non grata"ـی لێنرا و رووبەڕووی لێشاوێکی گەورەی رەخنە بووەوە لەلایەن میدیای فەرەنساوە.
بنزیما بەبێدەنگییەکی تەواو لەبەردەم خەڵکدا و گرنگییەکی رەهای لەسەر تۆپی پێی خۆی، ئەم قەیرانەی تێپەڕاند. ئەو خۆی لە دەنگۆ و مشتومڕەکانی میدیاکان بەدوور گرت، لەبری ئەوە هەموو وزەی خۆی ئاراستەی پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ریال مەدرید کرد.
ئەم بێدەنگی و هێزە دەروونییە لە بەرامبەر زریانێکی میدیایی و گشتیدا وانەیەکی گەورەبوون بۆ خۆی و وایکرد زیاتر خۆڕاگربێت لەبەرامبەر گوشارەکاندا.
2 - دوورخستنەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا.. بێبەشکردن لە شکۆمەندی
ئەنجامی راستەوخۆی سکانداڵەکەی ڤالبوینا، دوورخستنەوەی بنزیما بوو لە هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ. بەهۆی ئەو بڕیارە نەیتوانی بەشداری لە جامی جیهانی 2018 بکات کە فەرەنسا نازناوەکەی بەدەستهێنا.
ئەم دوورخستنەوەیە چەواشەکاری و قوربانییەکی گەورە بوو، بەتایبەتی بۆ یاریزانێک کە لە لووتکەی کاروانی وەرزشی خۆیدا بوو. بنزیما رێگەی نەدا ئەم دوورخستنەوەیە بیشکێنێت، بەڵکو وەک سووتەمەنی بۆ زیادکردنی وزەی بەکاریهێنا.
لەبەرامبەردا بەتەواوی سەرنجی لەسەر ریال مەدرید بوو، بەپەرۆشەوە بەردەوام بوو لە مەشق و راهێنان و گەشەسەندنی زیاتر، ئەمەش بەهۆی خواستێکی سەرسەختەوە بوو بۆ سەلماندنی هەڵەی ئەوانەی کە دووریان خستبووەوە. ئەم بێبەشبوونە تەنیا ویست و ئارەزووی ئەویان بەهێزتر کرد.
3 - رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.. ئاڵنگاریی سەلماندنی خۆت
رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید لەساڵی 2018 ساتێکی یەکلاکەرەوە بوو، چونکە زۆر کەس پێشبینی رووخانی ریال مەدرید و دابەزینی ئاستی بنزیمایان دەکرد.
دوای 10 ساڵ لە یاریکردن لەسایەی ئەستێرەیەکی جیهانیدا، لەگەڵ ئەوەی بنزیما رۆڵی هێرشبەریی خۆی کردە قوربانی بۆ خزمەتکردنی رۆناڵدۆ و رۆڵی "ژمارە 9ـی ساختە"ـی بینی، لەناکاو خۆی لە هەڵوێستێکدا بینییەوە کە دەبێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە ببێتەوە.
بنزیما ئەم ئاڵنگارییەی تێپەڕاند بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی تەواو و سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لەڕووی هێرشبەرییەوە، لە هێرشبەرێکی پاڵپشتەوە گۆڕا بۆ گۆڵکاری سەرەکی تیپەکە و پێشەنگی رەها.
ئەم گوشارە بێئەندازەیە بۆ سەلماندنی خۆی، نەیشکاند؛ بەڵکو بەباشترین ئاستی خۆی هێنایە دەرەوە، یەکلاکەرەوەتر بوو، زیاتر سەرکردە بوو و زیاتر ئیلهامبەخش بوو بۆ هاوڕێکانی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ریال مەدرید چەندین نازناو بەدەستبهێنێت، دیارترینیان چامپیۆنزلیگی 2022 بوو.
4 - گاڵتەکردن بە ڤینیسیۆس.. تاقیکردنەوەیەک بۆ سەرکردایەتی راستەقینە
لە وەرزی 2020-2021 گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەنێوبانگ دەرکەوت کە بنزیما لەپشووی نێوان دوو گێمی یارییەکدا لەگەڵ فێرلان مێندیی هاوڕێی قسە دەکات و گاڵتە بە ئاستی هاوڕێ گەنجەکەی ئەوکاتەی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکرد و دەیگوت "پاسی پێمەدە، ئەو دژی ئێمە یاری دەکات".
ئەم رووداوە کە هەرایەکی گەورەی نایەوە، دەیتوانی درزێکی گەورە لەژووری جلگۆڕین دروست بکات و پەیوەندی نێوان ئەو دوو یاریزانە تێکبدات، بەڵام بنزیما بە گۆڕینی خۆی بۆ مامۆستا و رێپیشاندەری راستەقینە بۆ ڤینیسیۆس ئەم قەیرانەی تێپەڕاند. ئەم قسانە لەبری ئەوەی تەنیا وەک گاڵتەجاڕی سەیر بکرێن، بوونە هاندەرێک بۆ ئەوەی ئەستێرە بەرازیلییەکە کار لەسەر لاوازییەکانی بکات.
پەیوەندییەکەی نێوانیان وەک پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی پەرەی سەند، چونکە بنزیما مامۆستای ڤینیسیوس بوو لەنێو یاریگە و لە دەرەوەی یاریگەدا، بەشدارییەکی بەرچاوی لە گەشەکردنێکی سەرسوڕهێنەری ڤینیدا هەبوو، کە بوو ەب یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان.
5 - وەرزێکی شکستخواردوو لەگەڵ ئیتیحاد.. خۆڕاگری سەرکردە لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکی نوێدا
گواستنەوەی بنزیما بۆ یانەی ئیتیحاد لە هاوینی 2023 جێگەی سەرنجی جیهان بوو، بەڵام وەرزی یەکەمی وەک چاوەڕوان دەکرا نەڕۆیشت. تیپەکە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەوە و نەیتوانی ئامانجە خوازراوەکانی بەدەستبهێنێت، بنزیما خۆی رەخنەی بەرچاوی لەلایەن هاندەرانی و میدیاکانەوە لێگیرا.
ئەم شکستە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی دەستبەجێ، دوای چەندین ساڵ سەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ ریال مەدرید، نوێنەرایەتی قەیرانێکی نوێی دەکرد. بنزیما بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی خۆی بە یانەکە و خواستی باشترکردنی ئاستی خۆی لەم قەیرانە تێپەڕاند.
نیشانەی خۆبەدەستەونەدانی نیشان نەدا؛ لەبری ئەوە، بە خۆڕاگری رووبەڕووی دۆخەکە بووەوە، جەختی لەسەر پێویستی کارکردنی زۆر کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکان، توانای خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە نوێیەکان و ئاڵنگاری جیاواز نیشان دا. ئەم هەڵوێستە دووپاتی دەکاتەوە کە بنزیما بەئاسانی شکست ناهێنێت و هێزی ئەو لە بەرامبەر هەر پاشەکشەیەکدا دۆڕاو نییە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق