حکومەتی ئێران بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی بازاڕ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، زنجیرەیەک رێکاری نوێی راگەیاندووە، کە خۆی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی گۆشت و مریشک و "هەڕەشەی تووند"ی یاسایی لە قۆرخکاران و گرانفرۆشاندا دەبینێتەوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی گۆشتی ئێران رایگەیاندووە، کارگەکانی بەرهەمهێنانی گۆشت و مریشک بۆ دابینکردنی پێویستیی وڵات، بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی گەشتیاری زۆریان بۆ دەچێت، کارکردنیان کردووەتە سێ شەفت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی گۆشتی ئێران ئەوەیشی راگەیاندووە، کە رۆژانە لە رێگەی 2600 ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەوە گۆشت و مریشکی بەرهەمهاتوو بەسەر 7000 فرۆشگەی زنجیرەیی لە سەرتاسەری وڵاتدا دابەش دەکرێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ئەلبورز، مازندەران و گیلان کە بە نرخی دیاریکراوی حکومەت دەفرۆشرێن.
هاوکات جێگری وەزیری کشتوکاڵ بۆ کاروباری ئاژەڵداری، چەند بڕیارێکی بۆ هاندانی زیاتری پەلەوەرخانەکان راگەیاند، لەوانە: رێککەوتن بۆ پێدانی ئالیک بە قیستی دوو مانگ بە پەلەوەرخانەکان، چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و دەرکردنی رێگەپێدان بۆ بەخێوکردنی جوجەڵەی گۆشت لە هۆڵە بەتاڵەکانی پەلەوەرخانەکانی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری رێکخراوی رێگەوبان ئاشکرای کرد، تەنیا لە رۆژێکدا (18ی حوزەیران)، زیاتر لە 93 هەزار بەرنامە لە بەندەرەکانی وڵاتەوە دەرکراوە. لەو ژمارەیە، 3,572 گەشت تەرخانکراوە بۆ گواستنەوەی کاڵا سەرەکییەکان، کە زیاتر لە 85 هەزار تۆن کاڵای سەرەکییان گواستووەتەوە بۆ ناوخۆی وڵات.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران هەڕەشەی "مامەڵەی یاسایی و توند" لە هەر کەسێک دەکات کە قۆرخکاری یان گرانفرۆشی بکات.
جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بۆ کاروباری پلاندانان و ئابووری رایگەیاند، شاردنەوە و نەفرۆشتنی کاڵا سەرەکییەکان لەم دۆخەدا بە "تێکدانی سیستمی ئابووریی وڵات" هەژمار دەکرێت و مامەڵەی "تێکدەری سیستمی ئابووری" لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت. داوایشی لە هاووڵاتییان کردووە هەر سەرپێچییەک لە رێگەی ژمارە 124ی وەزارەتی پیشەسازی یان سامانی 135ی رێکخراوی سزادانەوە رابگەیێنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق