ئیسرائیل: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان دوو ساڵ دواخستووە

ليست هناك تعليقات


ئیسرائیل دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ دواخستووە. ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی، تاران ئەوپەڕی دوو هەفتەی لەبەردەستە بۆ خۆبەدوورگرتن لە هێرشە ئاسمانییە ئەگەرییەکانی ئەمریکا.

ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ئایا ئەمریکا بەشداری لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بکات یان نا، لە دوایین لێدوانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە پێش ئەو ماوەیەی دایناوە، بڕیارێک بدات.

رۆژی شەممە ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیی نوێی کردووەتە سەر کۆگاکانی مووشەک و شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک لە نێوەڕاستی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە درێژە بە هێرشەکانی دەدات کە دەڵێت، ئامانج لێی رێگریکردنە لە دووژمنەکەی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی؛ هەوڵێک کە تاران رەتی دەکاتەوە.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەڵمانی کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، گوتی: "بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی دەیبیستین، تاوەکو ئێستا توانای ئەوانمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەلایەنی کەمەوە بۆ دوو یان سێ ساڵ دواخستووە."

جەدعون ساعر گوتیشی، هێرشە یەک هەفتەییەکەی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و رایگەیاند: "هەرچی لە تواناماندا بێت، ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە نەهێڵین."
رۆژی هەینی، گەورە دیپلۆماتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە جنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیان کۆبوونەوە و داوایان لێکرد دەست بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە.

ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "ئێمە داوامان لە وەزیری ئێران دەرەوەی کرد کە بیر لە دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکاتەوە، بە ئەمریکاشەوە، بەبێ چاوەڕوانکردنی راگرتنی هێرشەکان، کە ئێمەش هیوای ئەوە دەخوازین."

بەڵام عێراقچی دوای کۆبوونەوەکە بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "ئامادەنین لەگەڵیان (ئەمریکا) دانوستاندن بکەین، تاوەکو دەستدرێژییەکان بەردەوام بن."

ترەمپ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەورووپای بە کەم زانی و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران نایەوێت لەگەڵ ئەوروپا قسە بکات. ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە قسە بکەن. ئەورووپا ناتوانێت لەم بابەتەدا یارمەتیدەر بێت."

ترەمپ گوتیشی، ئەگەری کەمە داوا لە ئیسرائیل بکات هێرشەکانی رابگرێت بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

گوتیشی: "کاتێک لایەنێک براوەیە، کردنی ئەو کارە کەمێک قورسترە."

هەر بەشدارییەکی ئەمریکا ئەگەری هەیە بەکارهێنانی بۆمبی بەهێزی حەشارشکێنی تێدابێت کە هیچ وڵاتێکی دیکە نییەتی، بۆ لەنێوبردنی دامەزراوەی ژێرزەویی پیتاندنی یۆرانیۆم لە فۆردۆ.

450 مووشەک

(ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ) کە رێکخراوێکی ناحکومییە و بنکەکەی لە ئەمریکایە، رۆژی هەینی رایگەیاند، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی و راپۆرتی میدیاکان، بەلایەنی کەمەوە 657 کەس لە ئێران کوژراون کە 263 کەسیان هاووڵاتیی سڤیل بوون.

ئێران لە رۆژی یەکشەممەوە ئاماری نوێی بڵاونەکردوەتەوە، ئەو کاتەی رایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 224 کەس، لەنێویاندا فەرماندەی سەربازی، زانای ئەتۆمی و هاووڵاتیی سڤیل.

لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران هێرشەکانی دەستپێکردووە و ئامانجی شوێنە ئەتۆمی و سەربازییەکان بووە، بەڵام بەر ناوچەی نیشتەجێبوونیش کەوتووە، ئێران بە مووشەکباران وەڵامی داوەتەوە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 25 کەس.

نەخۆشخانەیەک لە بەندەری حەیفای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای دوایین مووشەکبارانی ئێران، 19 کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

بە گوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، تائێستا زیاتر لە 450 مووشەک و نزیکەی 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی وڵاتەکەی کراون.

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، بنکەی سەربازی و بنکەکانی هێزی ئاسمانییان کردووەتە ئامانج.

 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif