بەگوێرەی لایەنی پەیوەندیداردوێنێ زیاتر لە 800 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لە سەربڕخانەکان سەربڕدراون.
ئەم ساڵ زۆرترین ئاژەڵ لە سەربڕخانەکان بۆ قوربانی لە سلێمانی سەربڕدراون، پاشان هەولێر، دواتر هەڵەبجە و دهۆک. بەرپرسانی پەیوەندیدار دەڵێن، بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، قوربانیکردن کەمیکردووە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە گوتی، "دوێنێ 248 ئاژەڵی بچووک و 80 سەر ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانەکەمان سەربڕدران بۆ قوربانی."
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو، قوربانیکردن کەمیکردووە.
بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەی هەولێر، جەژنی قوربانی رابردوو لە یەکەم رۆژدا 291 سەر ئاژەڵی بچووک و 88 ئاژەڵی گەورە کرابوونە قوربانی.
لە سلێمانی و هەڵەبجە قوربانیکردن کەمیکردووە
بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەی سلێمانی ، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پار 500 سەر ئاژەڵی بچووک و 70 سەر ئاژەڵی گەورە لە کوشتارگەکە سەربڕدرابوون و ئەم ساڵ کەمترە لەو ژمارەیە.
بەپێی ئامارەکە، دوێنێ لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە سەربڕخانەی سلێمانی نزیکەی 400 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون، کە زۆرینەیان ئاژەڵی بچووک بوون.
هەر ئەمڕۆ دکتۆر دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەڵەبجە گوتی، "دوێنێ تەنیا 98 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لە سنووری پارێزگاکەمان سەربڕدران، بەراورد بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پار، ژمارەکە 50% کەمیکردووە."
دوێنی 18 سەر ئاژەڵ لە سەربڕخانەی دهۆک سەربڕدراون
هەر ئەمڕۆ، سەگڤان حەکیم رەشید، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی دهۆک گوتی، "دوێنێ لە سەربڕخانەکەمان تەنیا 18 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون."
سەگڤان حەکیم گوتی، ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ 12 سەر ئاژەڵی دیکە سەربڕدراون.
کاوە ئەحمەد، پزیشکی ڤێتێرنەری لە سەربڕخانەی دهۆک گوتی، "سەرەڕای رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری، ئەم ساڵیش سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان هەبووە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق