بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) سەردانی دەم پارتی کرد و هەردوولا جەختیان لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 7ی حوزەیرانی 2025 شاندێکی مەهەپە بە سەرۆکایەتیی سادیر دورماز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە، بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی دەم پارتی کرد و لەلایەن محەممەد روشتو تریاکی، یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتەکە و بەشێک لە ئەندامانی پارتەکە پێشوازییان لێکرا.
تریاکی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکەی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە "قۆناخێکی نوێ" لە پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و گوتی، "دەمانەوێت سەردەمێک بێتەکایەوە، ئیدی باس لە فرمێسک، خوێن و مردن نەکەین. سەردەمێک کە تێیدا سەرچاوەکانی ئەم وڵاتە لە سەقامگیریدا خەرج بکرێن، نەوەک لە چەک و شەڕ و پێکدادان."
تریاکی پێی وایە، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر ناکات، بەڵام "کەشێک دەڕەخسێنێت کە دەرگە بەڕووی چارەسەری کێشەکانی دیکەیش لە تورکیا دەکاتەوە."
یاریدەدەری هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، هەمیشە هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەدەن، "ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، تورکیا دەبێتە وڵاتێکی بەهێز و قسەڕۆیشتووی ناوچەکە، دەبێتە وڵاتێک کە لە ناوچەکەدا رۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا هەبێت."
لای خۆیەوە سادیر دورماز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەکە گوتی، "هەموومان دەمانەوێت لەو کێشە گەورەیە رزگارمان ببێت کە 40 ساڵە وەکو زنجیرێک لە قاچی تورکیا ئاڵاوە."
دورماز پێیوایە، دەبێت هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بدرێت و بەو جۆرەیش برایەتیی تورک و کورد بەهێزتر بکرێت؛ جەختی لەوەش کردەوە، "دەبێت هۆشیارانە بەرەو ئایندە بڕۆین و تورکیا لە 100 ساڵەی خۆی و لە ناوچەکەدا بگەیێنینە پێگەیەکی بەهێز."
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە پرۆسەی چارەسەری وەک "دەرفەتێک" ناوبرد و گوتی، "بەهیواین لە ماوەی داهاتوودا چەکەکان دابنرێن و رادەست بکرێن. بە بەشداریی هەموو پارتە سیاسییەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بدرێت."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی 5 جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق