دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە زنجیرەیەک لێدواندا دوایین هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە راگەیاند و مۆڵەتێکی دیاریکراوی بۆ تاران دانا، هاوکات جەختیکردەوە کە رۆڵی ئەورووپا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا لاوەکییە.
سەرۆکی ئەمریکا بە روونی رایگەیاند، کە هێزە ئەوروپییەکان ناتوانن یارمەتیدەر بن و گوتی: "ئێران نایەوێت قسە لەگەڵ ئەورووپا بکات. ئەوان دەیانەوێت قسە لەگەڵ ئێمە بکەن. ئەورووپا ناتوانێت لەمەدا یارمەتیدەر بێت." ترەمپ هۆکاری قەیرانەکەی گەڕاندەوە بۆ نزیکبوونەوەی ئێران لە چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند: "ئێران چەند هەفتەیەک لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی دوور بوو."
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ترەمپ باسی لەوەکرد: "نیگەرانین گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانمان و [ئەگەر وابکەن] بە تووندی وەڵامیان دەدەینەوە."
ترەمپ ستایشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە کارێکی باش دەکات." هەر بۆیە گوتی: "قورسە داوا لە ئیسرائیل بکەم هێرشەکانی سەر ئێران رابگرێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی، ترەمپ دۆخەکەی بە ئاڵۆز وەسفکرد و گوتی: "ناتوانم هیچ بڕیارێک لەسەر ئێران بدەم ئێستا" و "هیچ رێگەیەکم لێدیار نییە ئەو شەڕکردنە رابگرم."
لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ مۆڵەتێکی دیاریکراوی دانا و گوتی: "تەنیا دەتوانم دوو هەفتە مۆڵەت بدەمە ئێران. دوو هەفتە کاتێکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئێرانییەکان بەهۆش خۆیان دێنەوە یان نا." ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران ئەو لایەنەیە ئێستا لە کۆژاندایە و ئازار دەچێژێت."
سەرەڕای هەڵوێستە تووندەکەی، ترەمپ دەرگای بۆ ئاگربەست بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: "ئەگەر بارودۆخ رێگەبدات، لەوانەیە پشتیوانیی لە ئاگربەست بکەم."
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە دووەم هەفتەیەوە.
لە جنێڤ، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە، بەڵام عێراقچی رایگەیاند، ئێران ئامادە نییە بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا "تاوەکو دەستدرێژییەکە رادەگیرێت."
هاوکات، ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، هۆشداریدا کە وڵاتەکەی دەبێت "ئامادە بێت بۆ هەڵمەتێکی درێژخایەن" و رایگەیاند: "هەرچەندە دەستکەوتی بەرچاومان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا رۆژانی سەخت لەپێشمانن."
لەسەر ئاستی مەیدانی، هێرشەکان بەردەوامن. دوای دوو زنجیرەی هێرشی مووشەکیی ئێران لە رۆژی هەینیدا، نەخۆشخانەیەک لە شاری حەیفای ئیسرائیل رایگەیاند کە 19 کەس برینداربوون.
بەپێی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا لانیکەم 25 کەس لە ئیسرائیل کوژراون. لە بەرامبەردا، رێکخراوێکی ناحکومیی ئەمریکی ئاماری کوژراوانی ئێران بە 657 کەس مەزەندە دەکات، کە 263ـیان هاووڵاتیی مەدەنین. لەکاتێکدا ئامارە فەرمییەکان باس لە کوژرانی 224 کەس دەکەن.
لە رووی دیپلۆماسیشەوە، گرژییەکان وایانکردووە بەریتانیا و سویسرا باڵیۆزخانەکانیان لە تاران بەشێوەیەکی کاتی دابخەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق