لە شاری لیلی فەرەنسا، دادگاییکردنی 9 تۆمەتباری کورد و ئەفغان دەستیپێکرد، کە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە و دەستیان هەبووە لە نقوومبوونی ئەو بەلەمەی کۆچبەرانی کورد کە لە کۆتایی ساڵی 2022 لە نۆکەندی ئینگلیزدا ژێرئاوکەوت.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، هەر لەو ناوچەیە دوو کۆچبەری دیکەی کورد لە شەڕێکدا کوژران.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم هەفتەیە لە دادگای شاری لیل، دادگاییکردنی 9 کەس دەستیپێکرد کە 8 کەسیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون و یەکێکیان هەڵاتووە و بەشێوەی غیابی دادگایی دەکرێت. هەروەها کەسێکی دیکەش کە بە هاوکاریی گرووپەکە تۆمەتبارە، لە بەلجیکا دەستگیرکراوە و بڕیارە بەجیا دادگایی بکرێت.
داواکاری گشتیی شاری لیل رایگەیاندووە، تەمەنی تۆمەتبارەکان لەنێوان 22 بۆ 40 ساڵدایە و بۆ گواستنەوەی هەر کۆچبەرێک لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، بڕی 1500 بۆ 4000 یۆرۆیان وەرگرتووە. لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی رۆڵی وردی هەر یەک لە تۆمەتبارەکان لەو رووداوانەدا بەردەوامە.
کەیسی سەرەکیی ئەم تۆمەتبارانە دەگەڕێتەوە بۆ نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کۆتایی ساڵی 2022، کە ئەوکات تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی فراوانی بۆ کارەساتەکە کرد. لەو رووداوەدا تەنیا تەرمی 4 کۆچبەر دۆزرانەوە.
کوشتنی دوو کۆچبەری کورد
لەلایەکی دیکەوە و لە رووداوێکی هەژێنەری دیکەدا، هەر لە ناوچەی کالێ و دانکیخی سنووری نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، دوو گەنجی کۆچبەری خەڵکی باشووری کوردستان دوای ئەوەی شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە، بە چەک یەکتریان کوشتووە.
پۆلیس و میدیای فەرەنسی دەڵێن، ئەم رووداوە پەیوەندیی بە زنجیرەیەک رووداوی دیکەی توندوتیژییەوە هەیە کە لەو ماوەیەدا لە ناوچەکە روویانداوە. لەسەر ئەو رووداوانە، پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکردووە، کە یەکێکیان کوردێکی تەمەن 29 ساڵە و ئەوی دیکەیان ئەفغانییەکی تەمەن 16 ساڵە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق