دروزەکان کێن؟ زانیاری لە بارەی ئاینەکەیانەوە

ليست هناك تعليقات


دروز ئایینێکە بە یەکگرتوویی نێوخۆیی ناسراوە، دروزەکان لە سووریا، لوبنان و فەلەستین دەژین. لە سەدەی 11ی زایینیدا لەلایەن محەممەد کوڕی ئیسماعیلی دروزی دامەزراوە کە بە (ئەنوشتەکین) ناسراوە.

دروز ئاڵای تایبەتیی خۆی هەیە. ژمارەی ئەندامانیان، بە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

دامەزراندن و سەرهەڵدان

رەچەڵەکی مێژوویی ئایینی دروزی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەشەمین خەلیفەی دەوڵەتی فاتیمی، حاکم بە ئەمر الله - کە ماوەی حوکمڕانییەکەی لە ساڵی 996ی زایینییەوە تا 1021ی زایینی درێژبووەوە، لەسەر دەستی محەممەد کوڕی ئیسماعیلی دروزی کە کۆچی کرد بۆ شام و ئایینەکە بە ناوی ئەوەوە ناوبانگی دەرکرد. دروز لە رەگی دەرز هاتووە، لە زمانی عەرەبیدا واتە ئەو کوڕانەی کە جلوبەرگیان دوریوە و دروست کردووە.

هەندێ سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن، دامەزرێنەری راستەقینەی ئایینەکە حەمزەی کوڕی عەلی کوڕی محەممەد زوزەنییە، کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی مەزهەبی مووەحیدینی دروز دادەنرێت و، نووسەری سەرەکیی دەقە دروزییەکانە.

دروزەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی 1017-1020ی زایینیدا دەستیان بە بانگەشەکردن بۆ ئایینەکەیان کرد و تاوەکو ساڵی 1043ی زایینی درێژبووەوە. دوای ئەوە دەرگەی داخرا، تایبەت بوو بە ئەوانەی کە لە سەرەتادا باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا و کوڕەکانیان و ئەوانەی لێیان لەدایک دەبوون، ئیدی پەیوەندی بە ئایینی دروزییەوە بووە شتێکی قەدەخەکراو، مەگەر لە بنەڕەتدا دروزیی بووبێت.

لە کەسایەتییە مێژووییە ناسراوەکانی ناو ئایینەکە، جگە لە دامەزرێنەران، حوسێن کوڕی حەیدەرە فەرغانییە کە بە ئەجدەع ناسراوە، بەهائەدین سەمووقییە کە بە زەریف ناسراوە هەن.

لە ئاستی سیاسیدا، لە نێو ئایینەکەدا سوڵتان پاشا ئەترەش ناوبانگی دەرکرد کە لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا سەرکردەی شۆڕش دژی فەرەنسییەکان بوو لە سووریا. هەروەها ئەمیر شەکیت ئەرسلان، سەرکردەی سیاسیی لوبنانی، کەمال جومبڵات، دامەزرێنەری پارتی پێشکەوتووخوازی سۆسیالیستی و، کوڕەکەی وەلید جومبڵات و تەڵاڵ ئەرسلان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی لوبنانی.

عەقیدەی ئایینی دروزی

عەقیدەی ئایینەکە و مەزهەبەکەی بە نهێنی زۆر دەورە دراوە، چونکە دامەزرێنەرانی بڕیاریانداوە ئاشکرای نەکەن و زانیارییەکان تەنیا لە بازنەیەکی تەسکدا قەتیس بکەن، ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە چل ساڵ، کوڕەکانی ئایینەکە فێر بکەن، هەندێک دەڵێن دروزەکان بۆیە ئەم بیرۆکەیەیان بڵاوکردووەتەوە تاوەکو خەڵکی لە پرسیارکردن لەبارەی ئایینەکەیان دووربخەنەوە، ئەوە بیرۆکەیەکە کە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە نهێنیپارێزی دامەزراوە.

دروزەکان خۆیان بە مووەحیدین یان "بەنو مەعروف" دەناسێنن، ئەوە ناوی هۆزێکی عەرەبییە کە لە سەرەتای دامەزراندنیدا باوەڕیان بە دروزییەت هێنا.

باوەڕیان بە پەیمان یان بەڵێنی وەلی زەمان هەیە، سوێندێکە کەسێک بەهۆیەوە دەبێتە دروزی و بە پەیمانێکی ئەزەلی دادەنێن.

دروزەکان بە داخراوییان بەسەر خۆیاندا، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی ناسراون. پیاوەکانیان بە سمێڵێکی گەورە ناوبانگیان دەرکردووە کە مانای ئایینیی خۆی هەیە.

ئایینی دروزی پابەندە بە مەزهەبی تەوحید، هەموو باوەڕەکانی لە ئایینی ئیسماعیلییەوە وەرگیراون، عەقیدەی دروزی لەلایەن رەوتە فەلسەفی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانەوە کاریگەری لەسەر بووە، یەکێک لە بنەماکانی نهێنیپارێزییە.

ئەندامانی ئایینەکە باوەڕیان بە یەکتاپەرستی رەهای خودا هەیە، ئەوەی کە خودا دروستکەر و کۆنترۆڵکەری ئەبەدی گەردوونە، ئەوەی کە عەقڵی مرۆڤ توانای ئەوەی نییە گەورەیی ئەو تێبگات.

هەروەها باوەڕیان بە قورئانی پیرۆز هەیە، بەڵام لێکدانەوە و تێگەیشتنی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ دەقەکانی، دوور لە مانای روون لە دەقەکەدا. هەروەها کتێبێکیان هەیە بە ناوی "نامەکانی حیکمەت" کە لەلایەن حەمزە کوڕی عەلی کوڕی ئەحمەدەوە نووسراوە، کتێبەکە "تەفسیرێکە بۆ قورئان" و، رێگری دەکەن لەوەی هیچ کەسێک سەیری بکات، جگە لە شێخەکانی ئایینی دروز.

سەرەڕای ئەوەی کە عەقیدەی دروزی لە بنەڕەتدا لە ئیسماعیلییەوە پەرەی سەندووە، بەڵام ئەوان خۆیان بە موسڵمان ناناسێنن، هەندێکیان بۆ هۆکاری سیاسی رووکارییانە ئەو بانگەشەیە دەکەن، وەک جۆرێک لە تەقییە، بۆ پاراستنی ئایینەکەیان و سەلامەتییان، هەروەها خۆلادان لە هەر ناکۆکییەک لەگەڵ موسڵمانان.

یەکێک لەو باوەڕانەی کە خەڵکی ئایینی دروزی پێی دەناسرێنەوە، باوەڕبوونیانە بە گواستنەوەی رووحەکان، واتە گەڕانەوەی رووحی مرۆڤ بۆ ژیان بەردەوام لەگەڵ مردنی خاوەنەکەی، ئەوەش لە رێگەی گواستنەوەی بۆ جەستەی منداڵێکی نوێ.

بەهۆی داخراویی کۆمەڵگەی دروزی، بە دەگمەن دروزییەک دەدۆزیتەوە لە دەرەوەی ئایینەکە ژنی هێنابێت، یان بە پێچەوانەوە، هەروەها لەلای ئەوان فرەژنی دروست نییە، بۆیە پیاوانی ئایینی یان "عوققاڵ" رێگری دەکەن لە فرەژنی. لە روانگەی ئەوانەوە، ئەو کارە زیان بە بنەمای دادپەروەری لە نێوان هەردوو رەگەز دەگەیێنێت.

پلەکانی ئایینەکە

دروزەکان دابەش دەبن بەسەر سێ پلەدا:

- یەکەم: پلەی پیاوانی ئایینی: ئەوانەی ئایینەکە دەخوێنن و پارێزگاری لێدەکەن، بە عوققاڵ ناسراون. ئەوەش بە نۆرەی خۆی دابەش دەبێت بۆ سێ بەش: سەرۆک یان عوقەلا یان ئەجاود، سەرۆکەکەیان بە شێخی عوققاڵ ناودەبرێت.

- دووەم: ئەجاود، ئەوانەن کە ئاگادارن لە فێرکارییەکانی ئایینەکە و پابەندن پێیانەوە.

- سێیەم: ئەوانە خەڵکی گشتین، "نەزان بە ئایین" و، نوقم بوون لە کاروباری دنیایی نەک ئایینی.

دروزەکان بە گشتی جیاوازی دەکەن لە نێوان "کەسایەتیی رووحی" و "کەسایەتیی جەستەیی"، یەکەمیان نهێنییەکانی ئایینەکەی بەدەستەوەیە (سەرۆکەکان، عوقەلاکان، و ئەجاودەکان)، بەڵام دووەمیان لە رووحانییەکان ناگەڕێت، بەڵکو نوقم بووە لە دنیاییەکاندا (پێیان دەڵێن جەهال).

شوێنەکانی عیبادەت لەلای دروزەکان بە خەلوات ناسراون، لەوێ گوێ لەوە دەگرن کە بۆیان دەخوێندرێتەوە، هەروەها رێگە بە "جەهال" نادرێت بەشداری بکەن یان گوێ لە کتێبە پیرۆزەکان بگرن، تەنیا لە یەک (عید)، جەژنیاندا نەبێت، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی قوربان لەلای موسڵمانان.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif