عێراق: بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدان

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی دارایی عێراق ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حکومەت پارەی هاووڵاتییانی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید راکێشاوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو بانکەکە "لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدان."

وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەندێک لایەن لە نەزانی یان بە ئەنقەست یان لەسەر بنچینەی کێبڕکێی سیاسی، درۆ و پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن بە مەبەستی تێکدانی دۆخەکە و دروستکردنی شڵەژان."

وەزارەتەکە دەڵێت، لەسەر بنەمای پێشنیازێکی وەزیری دارایی عێراق کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران خستیەڕوو، هەروەها بە پشتبەستن بە نووسراوێکی وەزارەتی دارایی بە ژمارە (11س / 373) لە 14-04-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 15-04-2025، بڕیاری دا دەسەڵات بە وەزیری دارایی بدرێت بۆ راکێشانی پارەی سپاردەی باجەکان کە هێشتا 5 ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە.

بە گوێرەی نووسراوەکە، بڕی پارەکە زیاتر لە سێ تریلیۆن و 45 ملیار دینار بووە و بۆ دابینکردنی دارایی و پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر دەکرێت بەکاربهێندرێت.

وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەو پارەیەی راکێشراوە، سپاردەی هاووڵاتییان یان سەرمایەی دڵنیایی تایبەت بە بانکەکان نییە، بەڵکو بۆ هەژمارە سەروەرییەکانی وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی کاتی لەو بانکانەدا بووە و بەپێی رێنوێنییەکان، بۆ تەرخانکردنەوەی لە بودجەی گشتیدا گوێزراوەتەوە."

وەزارەتەکە بەراوردکردنی ئەو رێکارەی بە داڕمانی بانکەکان لە وڵاتانی دیکە، بە "نادروست" ناودەبات و دەڵێت، کەرتی بانکیی عێراقی خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و لەژێر چاودێریی تووندی بانکی ناوەندیدایە.

سەبارەت بە دۆخی دارایی بانکەکان، راگەیێندراوەکە دەڵێت، "هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید نەختینەی بەرز و یەدەگی نەختینەییان هەیەکە لە بڕە دیاریکراوەکانی بانکی ناوەندییش زیاترە."

وەزارەتەکە زانیاری زیاتری خستوەتەڕوو و رایگەیاندووە، کۆی یەدەگی بانکی رافیدەین زیاتر لە 8 تریلیۆن و 540 ملیار دینارە و "بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نەبراوە."



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif