بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ دین هۆیسنی بەرگریکەری لاوی ئیسپانی راگەیاند

ليست هناك تعليقات


یانەی ریال مەدرید، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ دین هۆیسنی بەرگریکەری لاوی ئیسپانی راگەیاند. ئەگەرچی یانەکە تێچووی گواستنەوەکەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن 58 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە کەوتووە و بەوەش، هۆیسن گرانترین بەرگریکەری مێژووی ریال مەدریدە.

یانەی بۆرنمۆوس لای خۆیەوە، رۆیشتنی ئەو بەرگریکەرەی راگەیاند، لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردەوە، "دووپاتی دەکەینەوە کە دین هۆیسن لە یانەکەمان دەڕوات لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، پاشئەوەی یانەی ریال مەدرید، مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دا".

بەرگریکەرە ئیسپانییە تەمەن 20 ساڵییەکە، بەخێرایی بوونی خۆی لە دونیای تۆپی پێدا سەپاند و گەورەترین خەونی بەدیهێنا کە یارییکردنە بۆ ریال مەدرید.

هۆیسن ساڵی رابردوو چووە بۆرنمۆوس و لەگەڵ ئیندۆنی ئێراولای راهێنەری ئیسپانیی ئەو یانەیەدا درەوشایەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو یاریزانە کە پێشتر لە یوڤێنتوس بووە، لەلایەن ئەو یانەیەوە بەبۆرنمۆوس فرۆشراوە بە 15 ملیۆن یۆرۆ.

دین هۆیسن، کوڕی دۆنی هۆیسنی یاریزانی پێشووی ئەیاکسی هۆڵەندییە کە لەگەڵ ئەفسانەکانی وەک کلارنس سیدۆرف و پاتریک کلۆیڤەرت یارییکردووە.

کاتێک تەمەنی سێ ساڵان بووە، باوکی ئەو بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە کۆکایین دەستگیرکراوە و پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە. بەڵام دۆنیی باوک سووربوو لەسەر بێتاوان بوون و بەتووندی بەرگری لەخۆی کرد و رەتیکردەوە ئەو کارەی کردبێت. ئەو لە دوای تێچوونەوەی بڕیاری دادگا، بێتاوانیی بەدەستهێنا.

ئەو تۆمەتبارکردنەی باوک، بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی خێزانەکەدا، ئەوە پاڵی پێوەنان بۆ بەجێهێشتنی ژیانیان لە هۆڵەندا و رووکردنە ئیسپانیا لەپێناو گەڕان بەدوای سەرەتایەکی نوێدا.

لە دوای گەڕانەوەی خێزانەکە بۆ ئیسپانیا، دین پەیوەندی بەئەکادیمیای لاوانی یانەی مەلەگە کرد و تاوەکو تەمەنی 16 ساڵی لەو یانەیە مایەوە، دواتر یانەی یوڤێنتوس گرێبەستی لەگەڵ کرد و پاش ماوەیەک مانەوە لەو یانەیە، بەشێوەی خواستن لەسەرەتای 2024 روویکردە یانەی رۆما.

دین لە رۆما لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ کاری کردووە، ئەو راهێنەرە لەبارەی ئەو بەهرەمەندەوە دەڵێ، زۆر بەهرەمەندە، لە داهاتوودا یاریزانێکی مەزنی لێدەردەچێت.

لەگەڵ رۆما، هۆیسن لە 14 یاریدا ئاستێکی باشی پێشاندا و دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەوە وای لە ئیراولاکرد سووربێت لەسەر بردنی بۆ بۆرنمۆوس.

سەرەتای ئەو یاریزانە لە یانە ئینگلیزییەکە جێگەی ئومێد نەبوو، لە 10 یاریی سەرەتادا، تەنیا لە دوو یاریدا سەرەکی بوو، بەڵام هەموو شت لە رۆژی 5ی دوانزەی ئەمساڵدا گۆڕا پاشئەوەی گۆڵی بردنەوەی بۆرنمۆوسی بەرامبەر تۆتێنهام تۆماکرد.

لەو ساتەوە، هۆیسن ئیدی بووە بەرگریکەری سەرەکیی تیپەکە و بەشداربوو لە بەدەستهێنانی 11ی یاریی بێ شکست لەگەڵ تیپەکەیدا، کە درێژترین زنجیرەی نەدۆڕانە لە مێژووی یانەکەدا.

هۆیسن دووەم بچووکترین بەرگریکەری ئەمساڵی پرێمەرلیگ بوو، مانگی سێی رابردوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرا. ئەو پێشتر درێسی هەڵبژاردەی هۆڵەندای خوار 19ی پۆشیووە، بەڵام دواتر بڕیاریدا بەیەکجاری یاریی بۆ ئیسپانیا بکات.

هۆیسن لەلایەن زۆر ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی جیهانەوە پەسندکراوە، دیارترینیان پاوڵۆ ماڵدینی بەرگریکەری ئەفسانەیی یانەی میلانی ئیتاڵییە.

ماڵدینی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێ، باسی ئەو یاریزانانەی کردووە کە پێویستە ریال مەدرید بۆ کاروانی نوێی خۆی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ گرێبەستیان لەگەڵ بکات.

ماڵدینی دەڵێ، "پێموایە ریال مەدرید زۆر پێویستی بەبەرگریکەری دڵ هەیە، باشترین بژاردەش هۆیسنە".

لەبارەی تایبەتمەندییەکانی هۆیسنەوە ماڵدینی دەڵێ، "توانای بردنی تۆپی لە پشتەوە بۆ پێشەوەی یاریگە هەیە، لە کاتی دروستکردنی یارییدا شوێنگرتنی زۆر باشە. ئەگەر لە سیستمێکدابێت کە لە سێ بەرگریکەر پێکهاتوون، وەک بەرگریکەری راست زۆر نایابە، ئەو بەقاچی چەپ یارییدەکات، بەڵام تۆپ ناردنی راستەی زۆر باشە، یاریزانێکی کامڵە و دەستەوارەیەکی نایاب دەبێت".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif