عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی "بە باشی بەڕێوەدەچن". نێردەی ئەمریکاش دەڵێت، پشتڕاستبوونەوە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دروستناکات، "خاڵی سەرەکیی" دانوستاندنەکانە.
میدیای فەرمیی ئێران لە زاری عەلی خامنەییەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکان "لە هەنگاوەکانی سەرەتادا بە باشی بەڕێوەچوون. ئێمە زۆر رەشبینین بەرامبەر لایەنەکەی دیکە، بەڵام بە تواناکانی خۆمان گەشبینین."
رۆژی شەممە، بۆ یەکەمین جار بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی تاران لە عومان کۆبوونەوە.
بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاند، گفتوگۆکان "ئەرێنی و بونیادنەرانە" بوون.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگەنە رێککەوتن، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەری.
ترەمپ پێی وایە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران ئەوە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی لە وزەی ئەتۆمی تەنیا بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
رۆژی دووشەممە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران بەستراوەتەوە بە پشتڕاستبوونەوە لەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات.
ویتکۆف بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "کۆبوونەوەی یەکەم ئەرێنی، بونیادنەرانە و کاریگەر بوون."
نێردەکە داوای لە ئێران نەکرد بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام گوتی: "ئەمە زیاتر بۆ ئەوەیە کە لە بەرنامەی پیتاندنی[ یۆرانیۆم] دڵنیابینەوە. پێویست ناکات ئاستی پیتاندن بگەیێننە سەرووی 3.67٪."
بە زیادکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، تیشکدانەوەی ئەتۆمیی مادەکە بەهێزتر دەبێت. ئێران ئاستی پیتاندنەکەی گەیاندوەتە سەروو 60٪ کە تەنیا چەند هەنگاوێکی تەکنیکی پێویستە بۆ ئەوەی بیگەیێنێتە 90٪ و لە بۆمبی ئەتۆمیدا بەکار یبێنێت.
ویتکۆف جەختیکردەوە کە ئەوە "بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانە نییە وەک ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران پێویستی بەوە نییە ئاستی پیتاندنەکە لە 3.67٪ بەرزتر بکاتەوە.
ویتکۆف باسی لەوە کرد، لە گفتوگۆکانیاندا دەبێت لەبارەی مووشەکەکانی ئێرانیش رێکبکەون، کە هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارن وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، توانا سەربازییەکانی سوپاکە "هێڵی سوورن" و دەستبەرداری نابن.
پێشتر ترەمپ گوتبووی، دەکرێت ئێران "ببێتە وڵاتێکی نایاب ئەگەر واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بێنێت"، بەڵام روونی نەکردەوە کە ئایا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەنیا دەیەوێت نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ دووبارە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردەوە و تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی لە دانوستاندنەکاندا "خاوەخاو" دەکات.
ساڵی 2015 ئێران و زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەری هەڵبگیرێن.
ساڵی 2018، ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنەکە کشاندەوە و تارانیش گوڕی زیاتری بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق