نێردەی تایبەتی ئەمریکا: پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوی رابگرێت

ليست هناك تعليقات



نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران تەنیا بە گوێرەی مەرجەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە تاران واز لە پڕۆگرامی ئەتۆمی بهێنێت و ئەوەی هەشیەتی لەنێوی ببات.

رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، نووسینگەی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس راگەیێندراوێکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا)ـی تێدابێت"؛

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشڵێت، "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت".

ستیڤ ویتکۆف دەڵێت،"پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت".

پێشتر ترەمپ گوتبووی، دەکرێت ئێران "ببێتە وڵاتێکی نایاب ئەگەر واز لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی بێنێت"، بەڵام روونینەکردەوە ئایا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات یان تەنیا دەیەوێت نەیگەیێنێتە ئاستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

رۆژی دووشەممە، ترەمپ دووبارە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردەوە و تارانی تۆمەتبارکرد بەوەی لە دانوستاندنەکاندا "خاوەخاو" دەکات.

ئەمڕۆ میدیای فەرمیی ئێران لێدوانێکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاوکردەوە و لەبارەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا گوتی، "لە هەنگاوەکانی سەرەتادا بە باشی بەڕێوەچوون. ئێمە زۆر رەشبینین بەرامبەر لایەنەکەی دیکە، بەڵام بە تواناکانی خۆمان گەشبینین."

ئەم لێدوانانەی ئەمریکا و ئێران لەکاتێکدایە، رۆژی شەممەی رابردوو، بەرپرسانی واشنتن و تاران لە عومان کۆبوونەوە؛ هەردوو لا دانوستاندنەکانیان بە "ئەرێنی و بونیادنەر"ناوبرد.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif