ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای شەش وڵات کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەسەر پووختەکردنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدا. باڵیۆزی بەریتانیاش لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، "ئەگەر پێویست بکات رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنینەوە."
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامدرا. ئەمە دوای ئەوە هات کە راپۆرتەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئاماژەیان بەوە دا کە ئێران رێژەی پووختەکردنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە 60٪.
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا ئێران و گوتی،"ئێران ئێستا 275 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پوختەکراوی بەرێژەی 60٪ هەیە و هەموو هەنگاوێکی دیپلۆماتی بۆ رێگری لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەنێین."
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، هیچ وڵاتێک پێویستی بە پووختەکردنی یۆرانیۆم نییە و هیچ وڵاتێکیش بە ئەندازەی ئێران یۆرانیۆمی پووختە نەکردووە.
دوای کۆبوونەوەکەش دوو دژبەرەکە، ئەمریکا و ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بۆچوونی خۆیان لەبارەی کۆبوونەوەکە خستەڕوو.
باڵیۆزی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمریکای بە هاندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد و گوتی، ئەمریکا هەوڵدەدات ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی وڵاتەکەی هانبدات "بۆ تەشەنەسەندنی جەنگی ئابووری لە دژی ئێران."
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند،" ئێران تاکە دەوڵەتە لە جیهان بەبێ چەکی ئەتۆمی ئەو بڕە یۆرانیۆمە بەرهەمبهێنێت."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و "هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی تەنیا بەزیانی ئێران نابێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مانگی رابردوو بڕیارێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران. ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، نامەیەکەی ترەمپ گەیشتە دەست رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و داوای گفتوگۆکردن لەسەر چەکی ئەتۆمی دەکات، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیکردەوە بەو شێوەیەی ئەمریکا داوای دەکات، دانووستاندنیان لەگەڵ بکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق