نزیکەی سێ مانگە نووسینگەی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان کراوەتەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو دەست بە مامەڵەکان کراوە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانییان کردووە."
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک راگەیاند: "زیاتر لە هەفتەیەکە مامەڵەی کارتی نیشتمانی لەنێو کەمپەکانی دهۆک دەستیپێکردووە، پڕۆسەکە زۆر بەباشی و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت."
رۆژی 16-12-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا، کردنەوەی نووسینگەیەکی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپی شاریا راگەیاند، بڕیاربوو ئەوکات دەست بە مامەڵەکان بکرێت، بەڵام دواکەوت تاوەکو هەفتەی رابردوو.
لەبارەی دواکەوتنی مامەڵەکان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی: "هەندێک کێشە تەکنیکیمان هەبوو، چونکە ناکرێت مامەڵەی ئاوارەکان و خەڵکی دهۆک لە یەککاتدا بکرێت، گوشار لەسەر فەرمانگەکان دروستدەبێت، هەروەها تاوەکو فەرمانبەری ئێوارنمان بۆ فەرمانگەکان دابینکرد هەندێک کاتی پێویست بوو."
زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان هەن. پیردەیان جەعفەر دەڵێت: "مامەڵەی کارتی نیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە بەیانیان دەکرێت، بەڵام ئاوارەکان دوای ئەوەی فۆڕمەکانیان پڕکردەوە، لە کاژێر 02:00 تاوەکو 05:00 دەتوانن سەردانی فەرمانگەی دهۆک بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان."
رۆژانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی دهۆک، 100 کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان دەردەهێندرێت. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 650 کەس دەستیان بە مامەڵەکانیان کردووە و بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموویان کارتی نیشتمانی دەردەهێنن."
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردەسەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین.
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق