سووریا: گەشبینین بەوەی ئیدارەی ترەمپ سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، گەشبینن بەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگرێت و چاویشیان لەوەیە یەکێتیی ئەورووپا هەمان کار بکات. وەزیری دەرەوەی نەرویجیش کە بە سەردانێک لە دیمەشقە گوتی، پێویستە رێگەیەک بۆ هەڵگرتنی سزاکان بدۆزرێتەوە و دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی سووریا بدۆزنەوە.

رۆژی یەکشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2024، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئیسپان بارس ئید، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی، "بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا (ئیدارەی ترەمپ) بۆ باسکردنی ئەو رێگرییانە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر خەڵکی سووریا". دەشڵێت، "بە ئەرێنیی دەڕوانینە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەڵگرتنی سزاکان[ـی سەر سووریا] کە لە لایەن ئەوانەوە سەپێندراون".

بڕیارە سبەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات. تاوەکو ئێستا روون نییە هەڵوێستی خۆی و ئیدارەکانی بەرامبەر سووریا چۆن دەبێت، هەرچەندە ئیدارەی ئێستا دوای رووخانی ئەسەد ژمارەیەک سزای سەر دیمەشقی هەڵگرت.

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمەوێت ئاماژە بە گرنگی هەڵگرتنی ئەو سزایانە بکەم کە نەک تەنیا کاریگەرییان لەسەر حکومەت هەبووە بەڵکو کاریگەرییان لەسەر خەڵکی ئاساییش هەبووە. ئەو سزایانە کە جۆرێکن لە سزادانی بە کۆمەڵ، دۆخی مرۆیی وڵاتی خراپتر کردووە و رێگری بۆ هەوڵەکانمان دروستکردووە بۆ ئەوەی دووبارە وڵات بنیات بنێینەوە." جەختی لەوەش کردەوە، "داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بە نەرویجیشەوە، کە دۆخی خەڵکی سووریا لەبەرچاو بگرن و کار بۆ پاڵپشتیکردنی هەر هەوڵێک بۆ لابردنی ئەو سزایانە بکەن."

ساڵی 2011 خۆپێشاندانی سوورییەکان دژی رژێمی ئەسەد دەستیپێکرد و دواتر بووە شەڕی نێوخۆ. حکومەتی ئەو کات بە کوشتنی خەڵک، ئەشکەنجەدانیان و چەندین کاری دیکە تۆمەتبارکرا، ئەمە وایکرد یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ژمارەیەک سزا بەسەر بەرپرسانی ئەو کات و حکومەتی سووریادا بسەپێنن.

وەزیری دەرەوەی نەرویجیش لە وەڵامی داواکارییەکەی هاوتا سوورییەکەیدا گوتی، "باوەڕێکی بەهێزمان هەیە کە پێویستە لە نزیکەوە کار لەگەڵ هاوبەشەکانمان، هاوپەیمانەکانمان بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین ئەو سزیانە هەڵگرین بۆ ئەوەی ئەگەر وەبەرهێنان و پێشکەوتنی ئابووری (لە سووریا) دروستبێت. خەڵکی سووریا دەیانەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەستپێبکەنەوە." دەشڵێت، "هەرچەندە لەوانە پێویستیەکی دەستبەجێ بۆ هاوکاری مرۆیی هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستە لە درێژ مەودادا گەشەپێدانی ئابوورییان هەبێ و ئێمەش دەمانەوێت هاوکاربین لەوەدا".

رۆژی 27ـی ئەم مانگە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و بڕیارە گفتوگۆی ژمارەیەک پێشنیاز سەبارەت بە هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی سەر سووریا بکەن.

بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، 7.2 ملیۆن کەس لە سووریا ئاوارە بوون. هەروەها نزیکەی 90٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 23 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی 15 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاری پزیشکییە. ئەمە زۆرترینە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011ـەوە شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە دەستیپێکرد. جگە لەوەی 56 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییە بەپەلەکان بۆ ئەو وڵاتە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif