قەرەباڵخیی شەقامەکان ساڵانە زیانی 24 ملیار دۆلار بە چین دەگەیێنێت

ليست هناك تعليقات

چین خاوەن درێژترین و گەورەترین هێڵ و هۆیەکانی گواستنەوەیە لە جیهان و بە تەکنەلۆژیای سەردەم و ژیریی دەستکرد سیستمەکەی زۆر بەباشی رێکخستووە، بەڵام لەبەر زۆری دانیشتووان هێشتا نەیتوانیوە بەسەر کێشەکانی گواستنەوەدا زاڵ بێت.

لە رۆژێکی ئاساییی پەکینی پایتەخت، لە کاتی کار، وێستگە و شەقامەکان جمەیان دێ. قوتابییان، فەرمانبەران و کارمەندان بەشێکی کاتی رۆژانەیان بە رێگەوە دەڕوات.

وانگ هۆنگ یوان، قوتابییە و لەبارەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی گواستنەوەوە دەڵێت، "هەمیشە میترۆ یان بایسکیل بۆ قوتابخانە بەکاردەهێنم، چونکە بەیانییان میترۆ پڕە لە خەڵک، ئەوە وادەکات هەست بە باشییەکی زۆر نەکەم، وادەکات رۆژەکەم ئەوەندە ئاسان نەبێت."

چین کە زیاتر لە ملیار و نیوێک دانیشتووی هەیە، رێکخستنی هاتووچۆ و قەرەباڵخییەکەی ئاڵنگارییەکی گەورەیە. میترۆ و پاسەکان نەبوونایە، شەقامەکان دەخنکان و خەڵک بە جارێک پەکی دەکەوت.

ئێستا درێژترین هێڵی میترۆی جیهان لە چینە، تۆڕەکەی بە 310 هێڵ 54 شاری بەیەکەوە گرێداوە.

فان بۆ شوان، ژمێریارە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە هێبیەوە هاتووم. لە زێدی خۆم پاس و تاکسی بەکاردەهێنم. ئەمجارەیان، بەیانییان بە شەمەندەفەر و دوانیوەڕۆ میترۆ بەکاردەهێنم، کە دێمە پەکین هەستێکی زۆر باشە، خەڵکێکی زۆر و کەشێکی قەرەباڵخی تێدایە. پێموایە لە کاژێری لووتکەدا زۆر قەرەباڵخە."

زیاتر لە 330 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شارەکانی پەکین، شەنگهای و گوانژۆ هەن، کڕینی ئۆتۆمبێلیش سنووردار کراوە و و بە تیروپشکە، لەبری ئەوە چین هۆیەکانی گواستنەوەی گشتیی بەردەستکردووە.

وڵاتەکە بۆ رزگاربوون لە جەنجاڵی، 20 ملیۆن بایسکیلی لە شەقامەکان داناون، هەموو ئەوانەشی بە پارەدانی ئەلیکترۆنی رێکخستوون تاوەکو پارەدانەکە نۆرە و قەرەباڵخی دروست نەکەن و کات بگەڕێتەوە.

لی شی، فرۆشیارە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە کاتی قەرەباڵخیدا بە میترۆ هاتووچۆ دەکەم، یان رەنگە بە تاکسی کە پڕە لە خەڵک، بۆیە بەکار‌هێنانی پاسیش ئاسان نییە.بەم هۆیانەوە هەمیشە پلانەکانم دەگۆڕم. بۆ نموونە ئێستا زۆر دوودڵم بۆ ئەوەی بە ئۆتۆمبێل بچم."

لی شیانگ، گەشتیارە و رووی لە شاری گوانژۆ کردووە و دەڵێت، "لە کاتی پڕ لە جەنجاڵی بەیانییان و ئێواراندا، دەبێت زوو دەرکەوین، نیو کاژێر یان کاژێرێک زووتر، بۆئەوەی بە میترۆ بگەین، چونکە دەزانین لەو ماوەیەدا قەرەباڵخیی هاتووچۆ دروست دەبێت."

کێشە و قەرەباڵخیی شەقام و وێستگەکان، ساڵانە زیاتر لە 24 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی چین دەگەیێنێت و کاروباری خەڵک و حکومەتیش زیاتر دوادەخەن. لە چین گەڕانەوەی کاتی زیاتر بە واتای گەڕانەوەی داهاتی زیاتر دێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif