ئەگەری هەیە کوڕەکانی مێسی یاری بۆ وڵاتێکی دیکە بکەن

ليست هناك تعليقات



راهێنەرێکی ئەرجەنتینی بەدووری نازانێت کوڕەکانی لیۆنێل مێسی لەجیاتی درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، درێسی هەڵبژاردەیەکی دیکە لەبەربکەن و لە داهاتوودا یاری بۆ هەڵبژاردەیەکی دیکەی وەک ئەمریکا یان ئیسپانیا بکەن. دەشڵێت "من ئەرجەنتینیم و هیوادارم بۆ وڵاتەکەم یاری بکەن، پێموایە قورس دەبێت کوڕەکانی مێسی بۆ وڵاتێکی دیکە یاری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەکرێت ئەوە رووبدات".

لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، وەک یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێی جیهانی دەمێنێتەوە، جگە لەوەی ئایکۆنی یارییە جوانەکەی وڵاتەکەیە کە ئەرجەنتینیە.

مێسی بە ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گومانلێکراوەکانی بێدەنگ کرد، دوای ئەوەی سەرکردایەتی سەماکارانی تانگۆی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، جگە لەوەی دووجار نازناوی کۆپا ئەمریکای لە خولی 2021 و 2024 بەدەستهێنا.

مێسی بەردەوامە لە بەخشینەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بیرۆکەی وازهێنانی نێودەوڵەتی رەتدەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لەوە دەکرێت کە سەرکردایەتی سەماکارانی تانگۆ دەکات لە مۆندیالی 2026 کە بەهاوبەشی لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە میوانداری دەکرێت.

بەڵام پێدەچێت ئەم بابەتە تەنیا لە مێسیدا سنووردار بێت و لەگەڵ کوڕەکانیدا بەردەوام نەبێت، کە سێ کوڕی هەیە، تیاگۆ گەورەترینیانە و تەمەنی 12 ساڵە، دووەمیشیان ماتیۆیە، کە تەمەنی گەیشتووەتە 9 ساڵ و سیرۆ کوڕە بچووکەکەی مێسییە، کە تەمەنی گەیشتووەتە 6 ساڵ.

ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی، کە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکایە، مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئەگەری یاریکردنی کوڕەکانی مێسی بۆ هەڵبژاردەیەکی دیکە جگە لە ئەرجەنتین دروستکرد. بۆ نموونە هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

پۆچیتینۆ سەبارەت بەئەگەری یاریکردنی کوڕەکانی مێسی بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکا لە داهاتوودا، گوتی "لەوانەیە هێشتا زوو بێت، منیش پیر دەبم کاتێک کوڕەکانی لیۆ دەگەنە قۆناخی یاریکردن بۆ تیپی یەکەم، بەڵام هیچ بەربەستێک نابینم لە رێگەی بەدیهاتنی ئەو ئاواتەی کە ئەمریکییەکان بێگومان خەونی پێوە دەبینن".

لە کۆتاییدا، راهێنەری ئەرجەنتینی گوتی "من ئەرجەنتینیم و هیوادارم بۆ وڵاتەکەم یاری بکەن، پێموایە قورس دەبێت کوڕەکانی مێسی بۆ وڵاتێکی دیکە یاری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەکرێت ئەوە رووبدات".

تیاگۆ مێسی جگە لە ئەرجەنتین، وڵاتینامەی ئیسپانیشی هەیە، ئەمەش دەرگا بەڕووی ئەگەری پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە داهاتوودا دەکاتەوە.

تیاگۆ و ماتیو لە ئەکادیمیای یانەی ئینتەرمەیامی یاری دەکەن کە لیۆنێل مێسی یاری بۆ تیپی یەکەمی ئەو یانە ئەمریکییە دەکات.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif