دوای ئەوەی دادگەی باڵای ئەمریکا بەکارهێنانی ئەپی تیکتۆکی لە وڵاتەکە قەدەخەکرد؛ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی قەدەخەکردنەکە دوادەخات.
رۆژی یەکشەممە 19-01-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ بڵاویکردەوە: "داوا لە کۆمپانیاکان دەکەم نەهێڵن تیکتۆک پەکبخرێت. رۆژی دووشەممە 20-01-2025 فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەردەکەم، بۆ ئەوەی قەدەخەکردنەکە دوابخرێت، تاوەکو کات هەبێت دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک بکرێت کە ئاسایشی نیشتمانی بپارێزێت."
رۆژی هەینی 17-01-2025 دادگەی باڵای ئەمریکا بەکارهێنانی تیکتۆکی لە وڵاتەکە قەدەخە کرد و هۆکاری قەدەخەکردنەکەش "نیگەرانیی ئەمنی"یە.
دادگەکە رایگەیاند، "ئەم یاسایە پێشێلی ئازادیی رادەربڕین ناکات." ئاماژەی بەوەش کردووە، "نیگەرانیی ئەمنی هەیە لەوەی کۆمپانیایەکی چینی خاوەنی ئەپەکەیە."
لە ئەمریکا نزیکەی 170 ملیۆن کەس ئەپەکە بەکاردەهێنن.
کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەنی تیکتۆکە، هەفتەی پێشوو نوێنەرانی کۆمپانیاکە لە دادگەی باڵای ئەمریکا بوون و گوتیان، "قەدەخەکردنی تیکتۆک پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕینە."
ترەمپ هەروەها نووسی: "پێشنیاز دەکەم ئەمریکا 50٪ـی خاوەندارێتیی وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە دەستێکی سەلامەتدا بێت و بەهاکەی خۆی لەدەستنەدات. تیتکتۆک بەبێ رێگەپێدانی ئەمریکا ناتوانێت کاری پێ بکرێتەوە."
دۆناڵد ترەمپ سبەی دووشەممە سوێندی دەستووری دەخوات و دەبێتە 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا. وەزارەتی دادی ئەمریکا لە کابینەکەی ترەمپ دەتوانێت بڕیاری کۆتایی لەسەر یاساکەی دادگەی باڵا بدات.
ئەوکات دادگەی باڵا گوتی: "هیچ گومانی تێدا نییە تیکتۆک سەرچاوەیەکی رادەربڕین و پەیوەندیکردنی پێشکێش بە 170 ملیۆن ئەمریکی کردووە، بەڵام کۆمپانیاکە پێویستە تیکتۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت بۆ ئەوەی لەبارەی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاریی تیکتۆک و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ نەیارێکی دەرەکی مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییە ئەمنییەکان بکەین."
پار کۆنگرێسی ئەمریکا داوای لە کۆمپانیای بایت دانس کرد تاوەکو 19-01-2025 ئەپەکە بفرۆشێتە کۆمپانیایەکی ئەمریکی یانیش دایبخات.
واشنتن دەڵێت، چین دەتوانێت بۆ مەبەستی "سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" ئەپەکە بەکاربهێنێت.
رۆژی 16ـی مانگ مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کابینەی ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئیدارەکەیان رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی نەهێڵن تیکتۆک "لەکاربکەوێت."
وۆڵتز گوتی: "تیکتۆک بۆ هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆک ترەمپ ئەپێکی زۆر باشبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرۆک ترەمپ دەیەوێت داتای بەکارهێنەران بپارێزێت."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق