پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە

ليست هناك تعليقات


 
مارکۆ رۆبیۆ، بەربژێری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوە رایدەگەیێنێت، "پاراستنی کورد لە سووریا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە." گوتیشی پێویستە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن.

رۆژی چوارشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، مارکۆ رۆبیۆ، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران لەلایەن لیژنەیەکی ئەو ئەنجوومەنەوە پێش بوونی بە وەزیر، گفتوگۆی لەگەڵ کرا و ژمارەیەک پرسیاری ئاراستە کرا.

کریس ڤان هۆلن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە بەرەی دیموکراتەکان سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش، پرسیاری لە رۆبیۆ کرد و ئەویش گوتی، : "بەڵێ بەردەوام دەبین. کوردەکان قوربانی زۆریان داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش، زیاتر لەوەش چەکدارەکانی داعشیان زیندانی کردووە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە."

ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە و بە پاڵپشتیکارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات دادەندرێن، کە لەلایەن کوردەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.

بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان" بپارێزرێت و دەڵێت: "دەبێت رێگە لەوە بگیرێت کە تورکیا ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە و رێککەوتنەکانی پێشوو پێشێل بکات."

سەبارەت بە چارەنووسی سزاکانی سەر سووریا، رۆبیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هەڵبگیرێن، چونکە ئەو حکومەتەی سزاکانی بۆ دانراوە ئێستا لە دەسەڵات نییە. هەروەها دەڵێت: "دەرفەتێکی گرنگ هەیە بۆ سەقامگیرکردنی سووریا، چونکە رووسیا و ئێران لەوێ نەماون. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، لەوانەیە جارێکی دیکە دەستمان نەکەوێتەوە."

بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "رابردوویەکی باش"یان نییە و دەڵێت: "ئەو کەسە نوێیانەی لێپرسراویەتییان لە سووریا وەرگرتووە، ناتوانن لە لێکۆڵینەوەکانی ئێف بی ئای دەربازیان بێت و رابردوویان ئەوە نییە کە دڵخۆش و ئاسوودەمان بکات."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif