کۆبونەوەکان چونەوە پیرمام

ليست هناك تعليقات


 عوسمان گوڵپی 
-
پیرمام، شوێنێك کە بارزانی تێدا دادەنیشێت و سەنتەری بڕیاردانی پارتیە، چەند ڕۆژێکە زیاتر لە ڕابردوو دیدارەکان لەوێ بەڕێوە دەچن، دواهەمین دیدارەکانیش سەردانی مەزڵوم عەبدی و بافڵ تاڵەبانی بوون بۆ پیرمام.

دیداری مەزڵوم عەبدی بۆ لای بارزانی باوك، زۆرترین چاوی میدیای ناوچەیی لەسەر بوو لەبەر ئەو دابڕانە زۆرەی کە لە نێوان عەبدی وپارتیدا دروست بوە و بارگاویە بە ناکۆکیەکی قوڵتر و کۆنتر کە ئەوەندەی پەیوەندی بە پشتیوانەکانی عەبدیەوە هەیە ئەوەندە پەیوەندی بەخودی عەبدی و ناوچەکەیەوە نیە، بەڵام ئەوەی وایکرد عەبدی بێتە پیرمام و لەگەڵ بارزانیدا کۆببێتەوە ئەوەیە کە لە ئێستادا عەبدی بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت کە هێزەکەی و ناوچەکەی لە چوار چێوەی گۆڕانکاریەکانی سوریەدا پارێزراوبن، تا کە ڕێگەش بۆ ئەمە خۆپارێزیە لە شەڕ و جێگیرکردنی ئاشتیە، چونکە عەبدی باش لە هاوکێشەکانی ئەم دۆخە تێگەشتوە و مەترسیەکانیشی دەزانێت، بۆیە نایەوێ دۆستەکانی بەتایبەت ئەمریکا بخاتە دۆخێکەوە کە ناچاربێت لە نێوان ئەوان و تورکیا یەکێکیان هەڵبژێرێت لە کاتێکدا ناهاوسەنگیەکەیان جیاوازی ئاسمان و ڕێسمانە، بۆیە عەبدی هەوڵ دەدات لەدەرگای هەموو ئەوانە بدات کە کاریگەریان هەیە و دەتوانن ڕۆڵیان هەبێ لە ناوچەکەدا و سەردانی پیرمامیش لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵ و کاریگەریەدایە کە بارزانی دەتوانێت بیبینێت، گەر سەرنجی مەزڵوم عەبدیش بدەیت لە گۆڕانکاریەکانی سوریە و لە جەرگەی ئەو ئاڵۆزیانەدا تا ئێستا توانیویەتی بە پێی پێویستی قۆناغەکە هەنگاوهەڵگرێت، بۆ مانەوە و جێگیربوونیش پێویستی بە گەرموگوڕکردنی هەندێك پەیوەندی و ساردکردنەوە و بچڕاندنی هەندێکیترە، وەك زەرورەتی قۆناغەکە.

"عەبدی لەو دەرگایانە دەدات کە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێ و سەردانی پیرمامیش لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵەدایە کە بارزانی هەیەتی"

یەکێكیتر لە دیدارەکان سەردانی بافڵ تاڵەبانی بوو بۆ پیرمام و کۆبونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئەم دیدارە زیاترلە بازنە نێوخۆییە حیزبیەکە چاوی لەسەربوو لەبەرئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی دەستپێکی بانگەشەکانی بەدژایەتی ڕاستەوخۆی پارتی و حکومەتەکەی دەست پێکرد، بانگەشەکان هێندە توند بوون کە چاوەڕێی ئەوەی لێ نەدەکرا بەم زوانە بافڵ تاڵەبانی بچێتە پیرمام و لەگەڵ ئەوکەسە دابنیشیت کە لە تەواوی بانگەشەی هەڵبژاردندا تەحەدای کردو پێی وت حکومەتەکەی دەڕووخێنین، هێرشەکانی یەکێتی و بەرگریەکانی پارتی دۆخێکی تەشەنوجاویان خولقاندبوو کە زۆر ناتەندروست بوو بۆ ململانێی دوو هێز کە پێکەوە حکومەتیان هەبێت و ئیدارەی بدەن، کە لە ڕاستیدا ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڕێوە چوو زۆر ناتەندروست و چەواشەکارانە بوو و ئەمەی ئێستا رێگە ئاساییەکەیە بۆ دوو هێز کە پێشتر هاوپەیمان و بۆ داهاتووش پێکهێنەری کابینەی حکومەتبن.

"ئەوەی سەردانەکەی کردە نائاسایی ئەو بانگەشە توندەبوو کە بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا" 

ئەوەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی کردە نائاسایی ئەو بانگەشە توندەبوو کە بافڵ تاڵەبانی سەرکردایەتی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنیش، ئەمەش ئاستی چاوەڕوانی بە جۆرێك بەرزکردەوە کە یەکێتی بە هەر جۆرێك بەشداری حکومەت بکات هێشتا ناگاتە ئەو سەقفەی کە داواکاری خەڵکی بۆ بەرزکردۆتەوە و مایکی لە پاڵدا شکاند، ئەگەر چی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە نێوخۆییەی حیزبەکەی سودی لەم خیتابە بینیبێ بەڵام سلبیات و موزاعەفاتی ئەم خیتابە لە دوای پێکهێنانی کابینەی حکومەتەوە وردە وردە دەردەکەوێت.

هەرچەند توندی بانگەشەی یەکێتی بەرامبەر پارتی تەنها ململانێ حیزبیەکە نەبوو بەڵکو پەیوەندی بەو هێڵە سیاسیەوە هەبوو کە بافڵ تاڵەبانی خۆی تێدا دەبینیەوە و لە چەند ساڵی ڕابردوو لە لوتکەی هێزی خۆیدا بوو، کاردانەوەکانی پارتیش لە ژێر کاریگەری ئەو فشارانەدا بوون کە ئەو ئاراستەیە لەسەریان دروستکردبوو، بەردەوامیش بوو تا سەردانی وەفدی پارتی بۆ تاران کەمێك هاوسەنگی بۆ ململانێکە گێڕایەوە

لە ئێستادا و دوای گۆڕانکاریەکانی سوریە و ئەو زیانە گەورەیەی بەر دۆستەکانی تاران کەوت خەریکە هاوکێشەکە پێچەوانە بوەتەوە و فشارەکان بۆ سەر بەرەی مقاوەمە لە عێراقیش دەست پێدەکەن، هەرچەند زۆر زوە بۆ ڕوونبونەوەی وێنەکە و هەڵەیە دۆخی عێراق بەراورد بکرێت بە سوریە و پێمانوابێ سیاسەتی تاران لە عێراق کۆتایی دێ بەڵام دەکرێت بڵێین ئەو ناهاوسەنگیە کۆتایی دێت کە لە دوای شەڕی داعشەوە بەتەواوی بە سودی ئێران ئیدارەی بەغدادی دەکرد، ئاماژەکانی ئێستا پێماندەڵێن جۆرێك لە هاوسەنگی دەگەرێتەوە و ئاراستە سیاسی و سەربازیەکانی نزیك لە تاران بە دوای مانەوە و خۆپارێزیدان نەك گەشەسەندنی زیاتر، بە پێچەوانەوە بەرامبەرەکانیان رۆحیەتی بووژانەوە تیایاندا گەشەی کردوە و لە ژێر کاریگەری گۆڕانکاریەکانی سوریادا بە ڕۆحیەتی سەرکەوتنەوە خۆیان ڕێکدەخەنەوە، لە عێراقدا چاوەکان لەسەر سونەن کە بتوانن جارێکیتر گەشە بکەنەوە لە دەرەوەی حەلبوسی و هاوشێوەکانی، قۆناغی دەساڵی ڕابردوو بۆ سوننەکان دەکرێت بە شپرزەیی سەرکردایەتی وبۆشایی سەرکردەی کۆکەرەوە ناوبهێنرێت، پارتی توانی لەو ماوەیەدا چاوی بەشێك لە سوننەکان بهێنێتە سەر هەولێر وەك سەنتەری بڕیاردانی خۆیان و بەشێك لە سیاسی و پەرلەمانتارەکانیشیان بوونە بەرگریکاری سیاسەتەکانی بارزانی، ئەمەش وایکرد بە تەنیشت پرسی هەرێمەوە تێڕوانینی بەشێك لە ناوچەکە بهێنێتە سەرپیرمام بۆ دۆخی سونەش.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif