ساڵێک بەسەر جەنگی غەززە تێدەپەڕێت

ليست هناك تعليقات


چەکدارانی حەماس 7-10-2023 هێرشیان کردە سەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کەرتی غەززە و باشووری ئیسرائیل، دوای ساڵێکیش لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئیسرائیل دەڵێ 60٪ـی چەکدارانی گرووپەکەی کوشتووە.

چەکدارانی حەماس پێش ساڵێک چوونە نێو ئیسرائیل و هێرشیان کردە سەر 21 کۆمەڵگەی جوونشین.

دوای چەند کاژێرێک لە هێرشەکەیان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی وڵاتەکەی کرد. بنیامین نەتەنیاهوو گوتی "هاووڵاتییانی ئیسرائیل، ئێمە لە جەنگداین. حەماس هێرشێکی لەناکاو و دڕندانەی کردە سەر ئیسرائیل و دانیشتوانەکەی."

بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی هەزار و 139 کەس و ئاوارەبوونی 200 هەزار کەسی دیکە.

250 کەسیش بە بارمتە کەوتنە دەست چەکدارانی بزووتنەوە فەلەستینییەکە، کە تاوەکو ئێستا رزگارکردن و ئازادکردنی 117ـیان و کوژرانی 72 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە.

هەمان رۆژ، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کرد، 13ـی هەمان مانگیش هێرشی زەوینی بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین دەستپێکرد.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 41 هەزار و 870 کەس کوژراون، 97 هەزار و 166 کەسیش بریندار بوون. زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، زیاتر لە 60٪ـی چەکدارەکانی حەماسیان کوشتووە.

فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری ئاژانسی ئونروای نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی شەڕەکە دەڵێ "ئەمە تراژیدیایەکە بۆ هەموو ناوچەکە؛ تراژیدیایە بۆ رۆژهەڵاتی نزیک."

رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، حیزبوڵڵای لوبنانیش بەشێوەیەکی سنووردار دەستی بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل کرد. ئیسرائیلیش هەمیشە وەڵامی هەبووە.

یەکی تشرینی یەکەم، ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ باشووری لوبنان کرد.

لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل، 2 هەزار و 36 کەس لە لوبنان کوژراون، 9 هەزار و 600 کەس برینداربوون و ملیۆنێک و 250 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

هێرشەکانی حیزبوڵـڵا، بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 60 هەزار ئیسرائیلی و کوژرانی 9 سەربازی وڵاتەکە.

دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێ "بەرەو باکوور گوشار دەخەینە سەر حیزبوڵڵا. ژمارەیەک لە تیرۆریستان هەڵاتوون. لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەمانەوە 440 تیرۆریستمان کوشتووە."

19ـی تشرینی دووەمی رابردوو، حووسییەکانی یەمەنیش چوونە نێو جەنگەکەوە.

ئەوان دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەو کەشتیانە کرد لە دەریای سوور، کە گوایە لە لایەن تەلئەڤیڤەوە خاوەنداریێتی دەکرێن یان پاڵپشتیی وڵاتەکە دەکەن.

حووسییەکان تاوەکو ئێستا 130 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانە و زیاتر لە 220 مووشەک و درۆنیشیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

ئیسرائیل دوو جار و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی شەش جار پێگەکانی حووسییەکانیان بۆردوومان کردووە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان دەڵێ "هێزەکانمان دوودڵ نابن. بە پشتیوانی خوای بەخشندە، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر ئیسرائیلی دوژمن و ئەوانەی پاڵپشتییان دەکەن، بەردەوامی پێبدەن."

کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت و ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان، وایانکرد ئێرانیش بێ وەڵام نەمێنێتەوە.

ئێران، دوو جار هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل، کە دوایینیان یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بوو؛ ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif