90٪ی چینییەکان لە شوقەدا دەژین و باڵکۆنیان نییە

ليست هناك تعليقات


لە چین لە بینا کۆن و نوێیەکانیش بەدەگمەن باڵکۆن دەبینرێت، ئەگەر هەشبێت بە ئاسن و شووشە داخراون، ئەمەش لەکاتێکدایە 90٪ـی چینییەکان لە شووقەی زۆر بچوکدا دەژین.

گۆنگ ژانگ، لە سەنتەری پەکین دەژی و دەڵێ ئەگەر باڵکۆنی هەبووایە، دەیکردە شوێنی قاوەخواردنەوە و خوێندنەوە.

گۆنگ ژانگ بە رووداوی گوت نەبوونی یان کەمیی باڵکۆن لە چین، پێش هەموو شتێک بۆ سەلامەتی و دووەم لەبەر هەواپیسییە، "چونکە لە بەهار و زستان، خۆڵ و تۆز زۆرە، بۆیە بە پەنجەرە پاکتر دەبێت. هەروەها زستانی پەکین ساردە و بە پەنجەرە ژوورەکە گەرمتر دەبێت و با نایێتە نێو ماڵ. ئەگەر باڵکۆنێکی کراوەم هەبووایە، دەمکردە شوێنێکی ئارام بۆ خوێندنەوە و قاوە خواردنەوە."

گەڕاندنەوەی رووبەر، پیسیی کەشوهەوا، رێگرتن لە کەوتنەخوارەوەی منداڵ هۆکاریی دیکەن کە باڵکۆنەکان داخراون لە چین.

لە کۆندا، پێش گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و سیستەمی کامێرای چاودێری، بە هۆکاری دزین و لەبەر سەلامەتی باڵکۆنەکانی چین تەلبەند دەکران، بەڵام ئێستا هەرچەندە سیستەمی ئاسایش لە چین زۆر باشە، باڵکۆنەکان هەر بە شووشە داخراون.

لە ساڵی 2023 لە چین 1.2 ملیۆن کەیسی دزیکردن تۆمارکراوە، بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی چین، ئەم ژمارەیە کەمە، رێژەی خۆکوشتنیش لەو وڵاتە لە هەر 100 هەزار کەسێک، هەشت کەسە.

فو جینگ ڕوو، خوێندکارە و سەبارەت بە نەبوونی باڵکۆن لە شارەکە گوتی "بە ڕای من یەکەمجار بۆ سەلامەتییە، بۆ نموونە زۆربەی خێزانەکان منداڵیان هەیە، منداڵانیش رەنگە سەرکەونە سەر باڵکۆنەکە، ئەگەر بیناکە زۆر بەرز بێت، منداڵەکان دەشێ لە باڵکۆنەکەوە بکەونە خوارەوە، بۆیە باڵکۆنی کراوە دەبنە مەترسی. دووەم: باڵکۆنی کراوە رەنگە پیس بێت، ئەمەش رەنگە ببێتە بارگرانییەک بۆ پاککردنەوەی ماڵەکان، دواجار بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووانی چین، باڵکۆنی داخراو سەلامەتترە."

چیینییەکان ناتوان بۆ هەتاهەتایە ببنە خاوەنی زەوی و ماڵ بەشێوەی تاپۆ؛ دەوڵەت خاوەنداریێتیی هەرچی موڵک و سامانە دەکات، لە ماددەی 9 و 10ـی دەستووردا هاتووە 'دەوڵەت خاوەنی زەویی ناوچە گوندنشینەکان، شارەکان، ئاو، چیاکان، کۆمەڵە کانزاییەکان، رووبارەکان، دارستان، شاخ، مینرالەکان، زەوییە وێرانەکان، قوڕ و سامانە سرووشتییەکانی دیکەشە.' کەواتا هیچ کەسێک خاوەنی یەک بستە خاکیش نییە لە چین.

لە چین هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوەی گرێبەستی 70 ساڵ خانوو بە کرێ بکڕن، 50 ساڵ بۆ زەویی کشتوکاڵی و 20 ساڵیش بۆ وەبەرهێنان و کۆمپانیا.

ژانگ شو، کەسێکی دیکەی چینییە و هۆکاری سەرەکیی نەبوونی باڵکۆنی کراوە لە پەکین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە 'لە باکووری چینە، لە زستاندا ساردە، حەز دەکەین لەنێو ژوورەکاندا بمێنینەوە، باڵکۆنەکانیش بە پەنجەرە داخراون.''

رێژەی 94٪ـی دانیشتووانی چین لە رۆژهەڵاتی هێڵی هێیهێ - تێنگچۆنگ (رۆژهەڵاتی چین) دەژین، کە زۆربەی شارە گەورەکانی چین لەوێ هەڵکەوتوون، هەروەها زیاتر لە 90٪ـی خەڵکی چین لە شووقەدا دەژین، ئەوەی دیکە لە خانووی زۆر بچووک لە ناوچە گوندنشینەکان دەمێننەوە.

لە ساڵی 2023 نزیکەی 6.5 ملیۆن موڵکی نیشتەجێبوونی نوێ لە چین دروستکراون، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشوو، کەمتر لە رێژەی 0.5٪ گەشەی کردووە.

میللەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە حەزیان بە خانووی گەورە و کراوەیە، کە خۆرهەڵات و خۆرئاوایان لێوە دیاربێت و شنەی با لە پەنجەرە و دەرگاکانیان بدات، دەشێ ئەمە بۆ چین راست نەبێت، چونکە باڵکۆنەکان زۆر بچووکن. باری ئابووریش بە یەکێک لە هۆکاری سەرەکییەکانی دیکەی نەبوونی باڵکۆن دادەنرێت، چونکە لە پەکین یەک مەتر چوارگۆشەی شووقە زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif