وڵاتانی رۆژئاوا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا رەتدەکەنەوە

ليست هناك تعليقات


ڤلادیمیر پووتین جارێکی دیکە بە سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە و بەوەش تاوەکو 2030 لە کۆشکی کرێملن دەمێنێتەوە؛ بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیاش لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە رەتکرایەوە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، لەو بڕوایەدام هەڵبژاردنەکانمان دیموکراسیانە بوون. بە هەموو بڕوامەوە پێموایە لە هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و لەنێویاندا ئەمریکا، لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دیموکراسی رەچاو ناکرێت."

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا، پووتین 87.28%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە کۆی زیاتر لە 86 ملیۆن دەنگدەر، زیاتر لە 76 ملیۆن کەسیان دەنگیان بە پووتین دا.

لە هەڵبژاردنەکەدا پووتین سێ رکابەری هەبوو کە بریتی بوون لە هەریەکە لە نیکۆلای کاریتۆنۆڤی سەر بە پارتی کۆمیۆنیست کە 4%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ لە پارتی گەلی نوێ کە 3.8%ی دەنگەکانی بردەوە و لیۆنید سلاتیسکی، بەربژێری پارتی ئازادیخوازی رووسیایە کە 3.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ، 77.44% بووە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکان، بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا تەواوی پرۆسەکەیان رەتکردەوە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم هەڵبژاردنە رەوا و ئازاد نەبوو. هیچ چاودێرێکی ئەورووپی لە هەڵبژاردنەکان ئامادە نەبوو. ئەو هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای سەرکوتکاری و هەڕەشەکردن بەڕێوەچوو."

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە لە رووسیا، هەڵبژاردنی بێ بژارە بوو. پرۆسەکە تەنیا مامەڵە بێڕێزیکردنەکەی پووتین بەرامبەر خەڵکەکەی پیشان دەدات."

ڤلادیمیر پووتین لە ساڵی 2000 تاوەکو 2008 سەرۆک بوو، لە 2008 تاوەکو 2012 سەرۆکوەزیران بوو، لە 2012یش سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتەوە دەست.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif