باکووری غەززە قاتوقڕی روودەدات

ليست هناك تعليقات

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ئاسایشی خۆراکدا رایگەیاند "1.17 ملیۆن فەلەستینی بە دۆخی قورسی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدا تێدەپەڕن و قاتوقڕی نزیکە."

رۆژی دووشەممە 18-03-2024، نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی پۆلێنکردنی تەواوەتی بۆ قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراک ناسراو بە IPC تەواوکرد و تێیدا هاتووە، "نزیکەی 1.17 ملیۆن فەلەستینی، بە قورسترین قۆناخی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدا تێدەپەڕن."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "برسیێتیی تەواو و قاتوقڕی لەنێوان نێوەڕاستی مانگی سێ بۆ مانگی 5 لە باکووری غەززە روودەدات."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا برسیێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراکی لە غەززە بەسەر سێ قۆناخدا دابەشکردووە:

- 2.2 ملیۆن کەس لە قۆناخی قەیرانی نەبوونی ئاسایشی خۆراکن کە قۆناخی سێیەمە.
- 1.17 ملیۆن کەس لە قۆناخی لەناکاوی نەبوونی ئاسایشی خۆراکن کە قۆناخی چوارەمە.
- 0.5 ملیۆن کەس لە قۆناخی کارەساتی نەبوونی ئاسایشی خۆراکن کە قۆناخی پێنجەمە.

جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد و تائێستاش ترووسکایی کۆتاییهاتنی لەهیچ ئاسۆیەکدا دیار نییە.

ئەو رۆژە بزووتنەوەی حەماس لە بەیانیی زوودا هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و بەگوتەی حکومەتی ئیسرائیل، "هەزار و 160 کەس کوژران و 250ـی دیکە بە بارمتە گیران."

وەڵامی ئیسرائیل کەمەرشکێن بوو، بۆردوومان و هێرشی زەوینی دەستیپێکرد و تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، 31 هەزار و 726 کەس کوژراون.


پرسی برسیێتی و قاتوقڕی نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە

تەندروستیی غەززە دەڵێت "31 کەس کە 27ـیان منداڵن، بەهۆی بەدخۆراکی و وشکبوونەوەوە گیانیان لەدەستداوە، ٪16ـی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵان بە دۆخێکی قورسی بەدخۆراکی تێدەپەڕن."

جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە لە یەکێتیی ئەوروپا گوتی "پێش جەنگ، غەززە گەورەترین بەندیخانەی کراوە بوو. ئەمڕۆ، غەززە گەورەترین گۆڕستانی کراوەیە."

بۆرێل قسەکەی زیاتر روونکردەوە، "گۆڕستانێکە بۆ دەیان هەزار خەڵک و گۆڕستانێک بۆ چەندین یاسای مرۆیی."

لەلایەکی دیکەوە، چەند رۆژێکە ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو شاری رەفەح دەکات، بەگوتەی خۆی "بۆ ئەوەی شارەکە لە کەتیبەکانی حەماس پاکبکاتەوە."

سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لە وێبسایتی خۆی بڵاویکردەوە، "لە سەرەتای جەنگی غەززەوە 250 سەربازمان کوژراون."

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif