وەزیری نەوتی عێراق:کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت چارەسەر بکەین

ليست هناك تعليقات


وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، تاوتوێی پێشنیازی هەموارکردنەوەی بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەوڵدەدەن "بەخێرایی" کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت چارەسەر بکەن.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی بلوومبێرگی راگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵی هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیاری هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق دەکات کە رێگەی پێدەدات شایستەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان بدات، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

عەبدولغەنی دەڵێت: "هەوڵدەدەین بە خێرایی کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت چارەسەر بکەین و بە زووترین کات دەست بە هەناردەکردنەوە [ـی نەوتی هەرێمی کوردستان] بکەینەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت هیوادارە پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانە بکات کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کراون.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا تورکیا رایگەیاند، بۆریی نەوتی جەیهان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردە لەسەر عێراق وەستاوە.

ئەم هەموارکردنەوەیەی بودجە دەتوانێت رێگە بە کۆمپانیا نەوتییەکان بدات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە، 13-3-2024، ئۆنجو کەجەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "تشرینی یەکەمی رابردوو گوتمان کە دەتوانرێ نەوت بە بۆریی جەیهان بڕواتەوە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام تێدەگەین کە لایەنی عێراقی هێشتا ئامادە نییە."

لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.

بەربەستی سەرەکی لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جیاوازیی تێچووی دەرهێنانی نەوتە لە نێوان هەولێر و بەغدا.

مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تێچووەی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی لە هەرێمی کوردستان بە 21 دۆلار خەمڵاند، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق تێچووەکە 8 دۆلارە.

بڕیارە مانگی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا بکات، ئەمەش رەنگە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی عێراق کە لەلایەن دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بەسەر تورکیادا سەپێندراوە.

عەبدولغەنی دەڵێت، عێراق حەز دەکات لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، هەروەها پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بپارێزێت.

رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور بە پێگەی Insightـی بەریتانی راگەیاند، "ئێمە پێویستیمان بە دەستبەجێ کردەی کۆنگرێس هەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی عێراق ئاگادار بکەنەوە، کە دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و رێگە بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بدات."
 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif