بایدن دەڵێت جیهان "ئیرەیی" بە ئابووریی ئەمریکا دەبات

ليست هناك تعليقات



لە گوتاری سەرۆکی ئەمریکادا پرسە ئابوورییەکان زۆرترین رەنگدانەوەیان هەبوو، بەڵام بەشێک لە ئامار و راپرسییەکان پێشانی دەدەن کە لە چارەسەری کێشە ئابوورییەکان، ترەمپ دڵخوازی ئەمریکییەکانە.

لە گوتاری "دۆخی یەکگرتوویی" کە ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکە پێشکێشی کرد، باسی لە کۆمەڵێك داتای ئابووری کرد، لەوانەش رەخساندنی هەلی کار بە ئاستێکی پێوانەیی و کەمبوونەوەی بێکاری.

بایدن دەڵێت، "ئابوورییەکم بەمیرات گرت کە لەسەر لێواری داڕووخاندا بوو، بەڵام ئێستا هەموو جیهان ئیرەیی بە ئابوورییەکەمان دەبات."

وەک سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات، "لە تەنیا سێ ساڵدا 15 ملیۆن هەلی کاری نوێمان رەخساندووە.. ئەمە ئاستێکی پێوانەییە! بێکاری لە نزمترین ئاستی 50 ساڵی رابردووە."

جۆ بایدن باس لەوە دەکات، "16 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکا بزنسی بچووکیان دامەزراندووە و هەر یەکێکیان نیشانەی کارێکی هیواخوازانەیە."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە بۆ ئەوەی "بەهێزترین ئابووریمان لە جیهاندا هەبێت، دەبێت بەهێزترین پەروەردەمان هەبێت."

گوتەکانی بایدن لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو ئابووریی ئەمریکا 3.1٪ گەشەی کردووە و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش دەڵێت، ئەم ساڵ رێژەی سوودی بانکی کەمدەکەنەوە.

لە سەردەمی بایدندا و لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ــدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.

دۆخی ئابووریی ئەمریکا بەردەوام بیانوویەکی سەرەکیی کۆمارییەکانی ئەمریکا بووە بۆ رەخنەگرتن لە ئیدارەی دیموکراتی ئەمریکا.

لە ساڵی رابردوودا ئەمریکا خۆی لە سستیی ئابووری پاراست، پێشبینیش دەکرێت ئەم ساڵ نیشتنەوەی نەرم لە ئابووریی وڵاتەکە بەدی بێت، واتە گەشەی ئابووری و هەڵاوسان خاوببنەوە بەبێ ئەوەی وڵاتەکە تووشی سستیی ئابووریی ببێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە ئابووریناسان و ناوەندە ئابوورییەکانی ئەمریکا پێچەوانەی ئەمە قسە دەکەن و دەڵێن، بە ئەگەری 40٪ بۆ 50٪ ئابووریی ئەمریکا لە ئەمساڵدا تووشی سستی دەبێت، بەڵام ئەمە شتێکە حکومەتی ئەمریکا دەیشارێتەوە.

بەپێی دوایین ئامار، هەڵاوسان لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا لە ئەمریکا بۆ 3.1٪ دابەزی، کە کەمتر بوو لە پێشبینییەکان.

بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لەنێویشیاندا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە دەڵێن، ئامانجیانە هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ 2٪ دابەزێنن، ئەوکاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکەن.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، پاوڵ لەبەردەم کۆنگرێسدا گوتی، ئەگەر هەلومەرجە ئابوورییەکان بە هەمان ئاراستەی هەنووکەیی بەردەوام بن، ئەم ساڵ دەتوانن دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکەن و "دەشیکەن."

کێشەی سەرەکیی بایدن ئەوەیە، لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە رکابەری سەرەکییەتی، ئەمریکییەکان لە بەرامبەر ئەو ژمارە ناوازانەی سەردەمی ئیدارەکەی، متمانەیەکی کەمی پێدەدەن.

ئەمە بەتایبەتی دوای ئەوە دێت کە بەپێی ئەنجامی راپرسییەک، ئەمریکییەکان زۆر گەشبین نین بە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەیان.

بەپێی راپرسییەکی نیویۆرک تایمز کە سەرەتای هەفتەی پێشوو بڵاوکرایەوە، 51٪ـی بەشداربووان دۆخی ئابووریی ئەمریکا بە "خراپ" دەبینن، هەروەها 23٪ بە "گونجاو" و 26٪ـیش بە "باش" یان "نایاب" دەیبینن.

راپرسییەکی دیکەی NBC کە مانگی رابردوو کراوە، متمانەی ئەمریکییەکان بە ترەمپ لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان دووپاتدەکاتەوە کاتێک 55٪ـی بەشداربووان دەڵێن، ترەمپ کاری باشتری لە ئابووری کردووە و، 33٪ـیان بەلای بایدندا دەچن.

راپرسییەکی دیکەی CBS News دەریدەخات، 65٪ـی ئەمریکییەکان ئابووریی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ بە باشتر دەبینن، 38٪ـیش دۆخی ئابووریی ئێستای سەردەمی بایدن بە باشتر دەبینن.

پێدەچێت بایدن هەستی بە مەترسییەکان کردبێت، بۆیە پرسە ئابوورییەکان کاتێکی زۆریان لە گوتارەکەی برد و هەوڵی دا برەو بەوە بدات کە پێویستە ئابووریی ئەمریکا دادپەروەرانە بێت و سوود بە هەموو ئەمریکییەکان بگەیێنێت.

بایدن لە بەشێک لە گوتەکانیدا گوتی: "گەڕانەوەی ئەمریکا بنیاتنانی ئەگەرەکانی دواڕۆژی ئەمریکایە، بنیاتنانی ئابوورییێکە لە نێوەڕاستەوە بۆ سەرەوە، نەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە. وەبەرهێنان لە هەموو ئەمریکا دەکەین تاوەکو دەستەبەری ئەوە بکەین هەمووان دەرفەتی دادپەروەرانەیان لەبەردەمە و کەس جێنەمێنێت.

گەڕانەوەی ئەمریکا بریتییە لە بنیاتنانی داهاتووی ئەگەرەکانی ئەمریکا، بنیاتنانی ئابوورییەک لە ناوەڕاستەوە بۆ دەرەوە و لە خوارەوە بۆ سەرەوە، نەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە، وەبەرهێنان لە هەموو ئەمریکا، لە هەموو ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە هەمووان لێدانێکی دادپەروەرانەیان هەیە و ئێمە کەس بەجێناهێڵین."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif