زانیاری لەبارەی بڕینی هاوکارییە مادییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ کۆچبەران

ليست هناك تعليقات


چەند رۆژێکە لەنێو کۆچبەرانی ئەڵمانیا دەنگۆی بڕینی هاوکارییە مادییەکانی ئەڵمانیا بۆ کۆچبەران هەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لەو هاوکارییانە تەنیا گۆڕانکاری لە شێوازی پێدانی هاوکارییەکە کراوە، کە لە پێدانی پارەی کاشەوە کراوە بە سیستمی بانکی.

شەوی هەینی، 02-02-2024، هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا گوتی، چەند رۆژێکی کۆچبەرێکی زۆر لە ئەڵمانیاوە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە دەکەن، پرسیار دەکەن کە ئایا حکومەتی ئەڵمانیا هاوکارییە مادییەکانیان دەبڕێت و تەنیا کارتێکیان بۆ کڕینی خۆراک پێدەدات؟

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەڵمانیا لە پێدانی ئەو هاوکارییە مادییانە بەردەوام دەبێت، تەنیا سیستمی پارەدانەکەی گۆڕیوە بۆ بانکی، پێشووتر کۆچبەران بە کاش پارەیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا بۆیان دەخرێتە سەر کارتێکی بانکی و دەتوانن لە بازاڕەکاندا کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بکڕن.

هەروەها کۆچبەران دەتوانن لە ئامێرەکانی پارەدان (گێڵد ئاوتۆمات) بڕێکی دیاریکراوی ئەو پارەیە رابکێشن، بە شێوازی کاش بەکاریبهێنن.

بە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە "رەنگە ئەڵمانیا دوایین وڵاتی ئەوروپا" بێت، چونکە لە هۆڵەندا زیاتر لە 20 ساڵە ئەو سیستمە هەیە و کەس بە کاش پارە لە دامەزراوەی کۆچبەریی دەوڵەت وەرناگرێت.

هێمن عەبدوڵڵا گوتی، "لە کۆی 16 ویلایەتی ئەڵمانیا 14یان دەیانەوێت لە هاوینەوە ئامادەکارییەکان بۆ دانانی ئەو سیستمی کارتی بانکییە بۆ پەنابەران دەستپێبکەن. واتە ئەگەر سیستمەکەش جێبەجێ بکرێ، تاوەکو کۆتایی هاوین ناکرێت. دوو ویلایەتی ئەڵمانیا نەبێت کە دەیانەوێت زووتر ئەمە بکەن. یەکێک لەوانە، بایەرنە، کە دەیەوێ لە مانگی سێوە دەستپێبکات و (مێکڵنبورگ- فۆپۆمەن)یش دەیەوێت زووتر دەستپێبکات."

بە گوتەی سەرۆکی هەرێمەکانی ئەڵمانیا، "ئامانج لە بەکارهێنانی ئەو کارتە ئەوەیە کە کۆچبەران ئەو پارەیەی وەریدەگرن لە خۆیانی خەرج بکەن، نەک بینێرنەوە بۆ کەسوکار و دۆستانیان لە وڵاتەکانیان. هەروەها رێگەش بگرن لەوەی پارەکە بۆ تاوانکاری بەکاربێت."

ئەو کارتە بانکییە هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ ئەو کارتانەی خەڵکی دیکە و هاووڵاتییان لە ئەڵمانیا پێیانە، ئەوە نەبێت کە تەنیا ئەو پارەیەی لەسەرە کە حکومەت دەیخاتە سەری.

هەروەها کۆچبەران دەتوانن بە کارتەکە لە هەموو شوێنێکی نێوەوەی ئەڵمانیا و بە ئۆنلاینیش لە هەموو شوێنێکی یەکێتیی ئەوروپا هەموو شتێک بکڕن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif