ئەردۆغان: ئیدارەی نەتەنیاهوو رێچکەی هیتلەری گرتووە

ليست هناك تعليقات


سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، حکومەتی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "رێچکەی هیتلەری گرتووە."

لە دوای سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرە، کە رۆژی دووشەممە، 12-2-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا باسی لە چەند تەوەرێک کرد کە یەکێکیان جەنگی غەززە بوو.

ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لە باشووری فەلەستین گوتی: "هۆکاری بێ باکیی ئیسرائیل لەو هێرشانەدا، سیاسەتی دوو روویی رۆژئاوایە. لە کاتێکدا رۆژئاواییەکان لەبەردەم دۆخەکەدا داوای میانڕەوی لە ئیسرائیل دەکەن، بە بیانووی بوونی حەماس چاوپۆشی لە کۆمەڵکوژییەکانی نەتەنیاهوو دەکەن".

سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "ئیدارەی نەتەنیاهوو کە رێچکەی هیتلەری گرتووە، لەو سیاسەتی دڕەندەیی و کۆمەڵکوژییەی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە پەیڕەوی دەکات، هەر رۆژە و هێڵێکی دیکەی سوور دەبەزێنێت".

ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بە گفتوگۆکان لە بارەی پرسی فڕۆکەی جەنگی F-16 رایگەیاند: "ماوەیەکە گفتوگۆکانمان لەبارەی F-16 لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و خۆشحاڵین بەوەی داواکارییەکانمان دەرەنجامی ئەرێنییان هەیە".

بەپێی سوپای ئیسرائیل، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانیی دووشەممە، 12-2-2024، کە دەکاتە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، دوو بارمتە لە شاری رەفەح رزگار کراون. ریچارد هێچ، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دوو بارمتەکە لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە رەفەح رزگارکران."

رزگارکردنی دوو بارمتەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هێرشی زەوینی خۆی بۆ نێو شاری رەفەح کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر، دەستپێبکات کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی غەززە پەنایان بۆ بردووە.

حکومەتە بیانییەکان، لە نێویاندا ئەمریکای هاوپەیمانی سەرەکیی ئیسرائیل بە قووڵی نیگەرانن لەوەی هێرشەکە کارەساتی لێبکەوێتەوە، لە کاتێکدا کە شاری رەفەح رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت دەبێتەوە.

حەماس هۆشداریی داوە، کە ئەگەر هێرشە زەوینییەکە بکرێت، دەبێتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتنەکانی داهاتوو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

ئیمارات، قەتەر، عومان و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەشێکن لەوانەی نیگەرانیی خۆیان لە پلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح دەربڕیوە.

رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە 57 وڵات پێکدێت، رایگەیاند: "رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی هۆشداریی تووند دەدات لەوەی بەردەوامبوون و فراوانبوونی دوژمنکاریی سەربازیی ئیسرائیلی بەشێکە لە هەوڵە رەتکراوەکانی بەزۆر دەرکردنی خەڵکی فەلەستین لە خاکەکەیان."

سعودیە و ئیماراتیش دەربەدەرکردنی "زۆرەملێی" خەڵکیان لە رەفەح رەتکردەوە.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif