بۆ بایدن: کوژرانی سەربازەکانمان بەهۆی تۆوەیە و وەڵامی بدەرەوە

ليست هناك تعليقات



دوای ئەوەی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن لە هێرشێکی درۆنیدا کوژران، کەسایەتییە دیارەکانی کۆمارییەکان رەخنەی تووند لە هەڵوێستی ئیدارەی بایدن دەگرن و داوای کاردانەوەی تووندی لێ دەکەن.

رۆژی یەکشەممە (28-1-2024) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و 25ـی دیکە بریندار بوون.

بایدن گوتی، هەرچەندە رووداوەکە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت، بەڵام "ئێمە دەزانین ئەو هێرشە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کراون کە ئێران پاڵپشتییان دەکات." بایدن هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی کردووە، بەڵام لەنێو ئەمریکا دەنگێکی زیاتر داوای خێراترکردنی وەڵامدانەوەکان دەکەن.

تیم سکۆت

تیم سکۆت کە خۆی بەربژێر کردبوو بە ئومێدی ئەوەی وەک بەربژێری کۆمارییەکان ببێتە بەربژێری سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، بەڵام دواتر کشایەوە، لە هەژماری خۆی لە ئێکس دێڕێکی لە کتێبی ئینجیل پۆستکردووە کە تێیدا هاتووە، "خودا لە دڵشکاوەکان نزیکە و ئەوانەی رووحیان تێکشکاوە، دەیانپارێزێت." ئەو دێرەی سکۆت وەک پاڵپشتییەک بوو بۆ خێزانی کوژراو و بریندارەکان.

سکۆت لە پەیامێکی کورتدا دەنووسێت، "ئیدی بەسە. ئەو ئاسوودەکردنەی ئێران کە لەلایەن بایدنەوە دەکرێت دەبێت بوەستێت." هەروەها دەڵێت، "ئێستا کاتی هەنگاوی روونە و دەبێت ئێران سزابدرێت بۆ ئەو خراپەکارییەی کە گرووپەکانی سەر بە ئەو دەیکەن."

لیندزی گراهام

لیندزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دوای هێرشەکە پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری کوژراوانی ئەو هێرشە کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

گراهام نووسی، "هێزەکانمان لە سووریا و ئوردنن بۆ ئەوەی ئەمریکا بپارێزن و سەقامگیریی ئەو ناوچە پڕ کێشەیە دابین بکەن. خزمەت و قوربانیی ئەوان بەرز دەنرخێندرێت. ئەوان قارەمانی راستەقینەن."

گراهام لە بەشی دووەمی پەیامەکەیدا دەڵێت، "هەرکات ئیدارەکەی بایدن بە ئێران دەڵێت مەکە، ئەوان دەیکەن. سیاسەتی رێگریکردنیان دژی ئێران بە شێوەیەکی زۆر خراپ شکستی هێناوە. زیاتر لە 100 هێرش دژی هێزەکانی ئەمریکا کراون و ئێران رێگری لێناکرێت."

گراهام بە بایدن دەڵێت، "ئێستا لە ئێران بدەن؛ تووند لێیان بدە." ئەو سیناتۆرە روونی دەکاتەوە کە ئەگەر ئەمریکا وەڵامی ئێران بداتەوە و چەند ئامانجێکی گرنگی ئەو وڵاتە بپێکێت، ئەوە وەڵامێک دەبێت بۆ کوژرانی ئەو سێ سەربازە و رێگرییەکیش لە هێرشەکانی داهاتوو.

گراهام پێیوایە کە هێرشی سەر هێزە ئەمریکییەکان دوایی نایەت و بەردەوام دەبێت، دەڵێت، "دەبێت رژێمی ئێران باجی ئەو هێرشە بە ژێرخان و کارمەندی خۆی بدات."
ئەو سیناتۆرە 68 ساڵە کە شارەزایەکی یاسایە، جگە لە سەرۆکی ئەمریکا، رەخنە لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەگرێت.

ئەو دەڵێت، "هەوڵەکانی وەزیر ئۆستن بۆ رێگریکردن لە شەڕەنگێزییەکان دژی هێزەکانمان لەو ناوچەیە زۆر بە خراپی شکستیان هێناوە. ئەگەر هەر ئێستا سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن، سەربازی زیاتری ئەمریکی لە ناوچەکە باج دەدەن."

نانسی مەیس

مەیس لە 2021ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و هاوشێوەی بەشێک لە هاوتا کۆمارییەکانی، دەنووسێت، "داوا لە سەرۆک دەکەین کە دژی ئەو تیرۆریستانەی بەرگەی هەبوونی ئەمریکا ناگرن، هەستێتەوە و وەڵامی هەبێت."

مەیس هۆشداری دەدات کە وڵاتەکەی لە "کارەساتی بۆمبی ئەتۆمی" بەهۆی سیاسەتی بایدنەوە نزیکە.

ئەو کەسایەتییەی کۆمارییەکان هەروەها دەڵێت، بەهۆی ئەو ئیدارەیەوە 50 کەس کە لە لیستی تیرۆردان لە ئەمریکا دەسووڕێنەوە.

تێد کروز

تێد کروزی کۆماری لە پشکی ویلایەتی تێکساس سیناتۆرە و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانە. کروز سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکات.

لە بەشی دووەمی پەیامەکەیدا ئەو سیناتۆرە دەنووسێت، "ئایەتوڵڵاکان بەهۆی سیاسەتی بایدنەوە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."

کروز باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ دەکات و دەڵێت ، "کاتێک ئیدارەی ترەمپ قاسم سولەیمانی کرد لەنێوبرد، متمانەی ئەو رژێمەی وردوخاش کرد و رایگەیاند کە ئەمریکا هیچ جیاوازییەک ناکات لەنێوان سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی."

کروز لە کۆتایی پەیامەکەی دەڵێت، ئەو هێرشە بەهۆی بایدن و ئیدارەکەیەوە بووە.

تۆم کەتن

تۆم کەتن لە نووسینەکەیدا لە ئێکس لە دوای رووداوەکە نووسی، "جۆ بایدن چەندین ساڵە ئێران بەهێز دەکات، ئەوەش بە قبووڵکردنی هێرشەکان بۆسەر سەربازانمان. بایدن بە پێدانی ملیاران دۆلار، بەرتیل دەداتە ئایەتوڵڵاکان."

سیناتۆرە کۆمارییەکە داوای کاردانەوەی تووند بەرامبەر ئێران و هێزە نزیکەکانی دەکات و دەڵێت، "پێویستە تەنیا وەڵام بۆ ئەم هێرشانە، کاردانەوەی سەربازیی وێرانکەر بێت بۆ سەر هێزە تیرۆریستییەکانی ئێران، چی لەنێوان ئێران و چی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر شتێکی کەمتر لەوە ئەوە جەختکردنەوەیە لەوەی کە جۆ بایدنە ترسنۆکە و شیاوی ئەوە نییە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت."

ئەمە یەکەم جارە لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە 7-10-2023ەوە سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشی درۆنی یان مووشەکی دەکوژرێت.

تا ئێستا هیچ گرووپ و رێکخراوێک بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە و ئێرانیش رەتی دەکاتەوە لە پشت هێرشەکەوە بووبێت.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif