بەریتانیا: داوا لە ئێران دەکەین گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمبکاتەوە

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دوای هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، داوا لە ئێران دەکات خۆی بەدوور بگرێت لە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە.

رۆژی دووشەممە، 29-1-2024، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی گرووپەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە دەکەین دژی هێزەکانی ئەمریکا. بەردەوام داوا لە ئێران دەکەین گرژییەکانی ناوچەکە کەمبکاتەوە."

لێدوانی کامیرۆن لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 28-1-2024 هەواڵی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن بووە رۆژەڤی جیهانی کە کوژرانی سێ سەربازی و برینداربوونی 34ی دیکەی لێکەوتەوە.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە سیاسیین کە دەدرێنە پاڵ تاران و گوتی، ئەوە "بۆ پێچەوانەکردنەوەی دۆخی ناوچەکەیە."

ئەوە یەکەمجارە لە دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7-10-2023ـەوە سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجامی هێرشی درۆنی یان مووشەکی دەکوژرێت و تا ئێستا هیچ گرووپ یان رێکخراوێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە نەگرتووەتە ئەستۆ.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد و گرووپەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانیان تۆمەتبارکرد.

سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکە لە شاری کۆڵۆمبیا لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور گوتی، "دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە شەوێکی قورسمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێپەڕاند. سێ کەسی بوێرمان لە هێرشێک بۆ سەر بنکەکانمان لەدەستدان."

بایدن هەروەها رایگەیاند، "دەبێت وەڵاممان هەبێت".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری دیاری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە، "کوژرانی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکا لە ئەنجامی خۆبەدەستەوەدان و لاوازیی بایدنەوەیە. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەو هێرشە رووی نەدەدا."

کاردانەوەی کوژرانی ئەو سێ سەربازە بە تایبەت لەنێو پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا زۆرە. چەند سیناتۆرێک داوایان لە بایدن کردووە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمان بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

لە 17-10-2023ـەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق دەناسێنن، زیاتر لە 158 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif