پەلکێشانی لوبنان بۆ نێو جەنگی غەززە

ليست هناك تعليقات


ئێوارەی رۆژی سێشەممە 02-01-2023 هێرشێکی درۆنی باڵەخانەیەکی لە باشووری شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کردە ئامانج و بەهۆیەوە سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی حەماس و چەند کەسێکی دیکە کوژران.

رۆژی سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ی دیکەش برینداربوون.

دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عاروری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.

هاشم قاسم (ئەبوو ساڵح)، بەرپرسی راگەیاندنی حەماس بۆ میدیای دەرەوە، بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە باشووری بەیرووت، ساڵح عاروری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە کوژراوە.

عاروری جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بوو، نووسینگەی حەماسیش لە ناوچەی زاحیە لە باشووری لوبنان بووە و لەو ناوچەیەدا زۆرینەی شیعەن و چەکدارەکانی حیزبوڵڵا باڵادەستن.

میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێت، "هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە درۆن کراوە، نووسینگەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج و تائێستا بەهۆیەوە حەوت کەس کوژراون و 11ی دیکەش بریندار بوون."

یەکەم تەپوتۆزی جەنگی غەززە لە بەیرووت

هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 03-01-2023 حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە، گوتارێک پێشکێش بکات.

ساڵح عارووری بێجگە لەوەی جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە، یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی کەتائیبی قەسام، کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە و هەمان ئەو گرووپە بوو کە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 1200 ئیسرائیلی و دەستبەسەرکردنی 240 ئیسرائیلی و بیانی، کە تائێستا 129یان هێشتا دەستبەسەرن.
لەدوای هێرشەکە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی بەیرووتی کرد و رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشە "تێوەگلانی لوبنانە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ" لەگەڵ ئیسرائیل.

دواتر حکومەتی لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد بە فەرمی نامەی ناڕەزایەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئیسرائیل پێشکێش دەکات، ئەوەش لە بەرامبەر "ئەو پێشێلکارییە زەقەی ئیسرائیل لە شاری بەیرووت کردوویەتی."

پاشان، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستی" ناوبرد و لە گوتارێکدا رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان هەرگیز لەنێونابرێت و "بزووتنەوەکەمان و سەرکردەکانی هەمیشە لەپێناو شکۆی گەلەکەمان گیانی خۆیان سپاردووە و شەهیدکردنی عاروری بەهێزترمان دەکات."

کاردانەوەی کوشتنی ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس لە ناوجەرگەی پایتەختی لوبناندا زۆر بوون، حیزبوڵڵای لوبنانیش لە سەرەتای جەنگی غەززەوە لە باشووری لوبنانەوە بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل بە مووشەک وەڵامی یەکتریان داوەتەوە. لەدوای هێرشەکەی بەیرووتیش، لە راگەیێندراوێکدا، ئەو گرووپە لوبنانییە، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "دووپاتی دەکەینەوە، ئەو تاوانە بێ وەڵام و بێ سزا تێناپەڕێت."

ساڵح عاروری کێ بوو؟

ساڵح عاروری، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، کە لە هێرشە درۆنییەکەی ئیسرائیل لە باشووری بەیروت کوژرا، لەلایەن ئیسرائیلەوە بە پیلانداڕێژەری چەندین هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو؛ هەروەها بە هۆکارێکی سەرەکیی نزیکبوونەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی ناسراوبوو.

عاروری لە شاری رامەڵڵای فەلەستینی لە 19ی ئابی 1966 لەدایکبووە و بەشی شەریعەی لە زانکۆی خەلیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین تەواو کردووە.

عاروری چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلییەوە دەستگیر کراوە و زیندانی کراوە، لە ساڵی 2007 کاتێک بۆ دواجار ئازاد دەکرێت، روودەکاتە سووریا و لە شاری دیمەشق لە مەکتەبی سیاسیی حەماس لەگەڵ بەرپرسی ئەوکاتی مەکتەبەکە، خالید مەشعەل، کاری کرد و لەوێ مایەوە تاوەکو ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی و قەیرانی سووریا.

دواتر لەگەڵ خالید مەشعەل روو لە تورکیا دەکەن و لە ئیستەنبووڵ نووسینگەی حەماسیان کردەوە. عاروری تاوەکو ساڵی 2015 لە تورکیا مایەوە، دواتر تورکیای بەجێهێشت و چووە لوبنان.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، رۆیشتنی عاروری لە تورکیا بەشێک بووە لە رێککەوتنی ئاساییکردنیەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، کە ئیسرائیلییەکان داوایان لە تورکیا کردووە ئەو بەرپرسەی حەماس، وڵاتەکەیان بەجێبهێڵێت.

عاروری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیش بووە لە کەرتی رۆژئاوا. لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی کاتەکانی لە بەیرووت ژیاوە و لەوێ وەکو باڵیۆزی حەماس لای حیزبوڵڵا کاری کردووە. هەروەها بە کەسێکی نزیک لە یەحیا سینوار، باڵاترین بەرپرسی حەماس لەنێو کەرتی غەززە دانراوە.

لە ساڵی 2014 ئیسرائیل عاروری تۆمەتبار کرد بە رفاندن و کوشتنی سێ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا، ئەوکات عاروری ئەو کارەی بە "ئۆپەراسیۆنێکی پاڵەوانانەی کەتیبەکانی قەسام" ناوبرد.

ئەوکات عاروری لە تورکیا دەژیا و هەر هەمان ساڵ ئیسرائیل تۆمەتباری کرد بەوەی سەرقاڵی داڕشتنی پیلانێکە بۆ کودەتا لە دژی مەحموود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی کە بەشێک لە کەرتی رۆژئاوایان کۆنترۆل کردووە.

عاروری لە ساڵی 2017 وەکو جێگری مەکتەبی سیاسی حەماس دەستنیشان کرا. چەند رۆژێکیش لەدوای پلە بەرزکردنەوەی، عاروری سەردانی تارانی کرد، بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی حەماس و ئێران. دواتریش لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی کۆبووەوە و وێنەی کۆبوونەوەکەشیان بڵاوکرایەوە.

لە ساڵی 2014وە، عاروری لە لیستی داواکراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە و لەوکاتەشەوە، 5 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات لەسەر سەری عاروری بۆ هەر کەسێک دیاریکردووە بەرامبەر ئەوە هەر زانیارییەکی لەسەر ئەو بەرپرسەی حەماس هەبێت.

لەدوای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کە بووە هۆی کوشتنی لانیکەم هەزار و 200 کەس و دەستبەسەرکردنی 240 ئیسرائیلی و بیانی دیکە. وێنەی عاروری و نەسروڵڵا و زیاد نەخالە، سکرتێری گشتی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی، بڵاوبووەوە.

کەتیبەکانی قەسام کە باڵی سەربازی حەماسە، رۆڵی باڵای هەبوو لە هێرشەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عاروریش یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەری ئەو گرووپە چەکدارییە.

ئیسرائیلییەکان عاروری-یان ناونابوو "پیاوەکەی ئێران لەنێو حەماس."

ئیسرائیل: بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین

هەرچەندە دەزگە ئەمنییەکانی لوبنان و گرووپەکانی مقاوەمە، راستەوخۆ ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە درۆنییە. بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی رانەگەیاندووە.

لەبارەی، هەڵوێستی ئیسرائیل لەبارەی ئەو هێرشە، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئێمە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین و سوپا لەهەموو ڕوویەکەوە ئامادەیە بۆ هەموو سیناریۆیەک."

بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ئیسرائیل لەرێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانییەوە، پلانی کوشتنی عاروری داڕشتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی لەو باڵەخانەیە، لەکاتی هێرشەکەدا کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس هەبووە.

لای خۆیانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە کوژرانی ساڵح عاروری، رایگەیاند ئەوان ئەو کارە سەرکۆنە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد "سەرکۆنەی پێشێلکاریی سەروەری و سەربەخۆیی خاکی لوبنان لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە دەکەین."

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە دەستپێکی جەنگی غەززەوە هۆشداریداوە لەوەی رێگە بگیرێت لە فراوانبوونی بەرەکانی ئەو جەنگە 89 رۆژییە.
لەبارەی هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی سێشەممەی بەیروت، فلۆرێنسیا سۆتۆ نینۆ، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "پەیامی ئێمە بۆ هەمووان ئەوەیە، بەهۆی گرژبوونەوە و هەستیاری دۆخی تەواوی ناوچەکە، داوا لە سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندیدار دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و پەنا بۆ هیچ کاردانەوەیەکی پەلە نەبەن کە ببێتە هۆی توندوتیژی زیاتر."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif