یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر گەورەترین کۆمپانیای ئەڵماسی رووسیا و جیهاندا سەپاند و سامانەکانی سڕ کرد. گەشتکردنی لە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش قەدەخە کرد.
رۆژی چوارشەممە (03-01-2023)، یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر ئالرۆسا، گەورە کۆمپانیای حکومیی بواری ئەڵماس لە رووسیا و پاڤێڵ مارینیچێڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەیدا سەپاند.
سزاکە لە چوارچێوەی قەدەخەی هاوردەی بەردە بەنرخەکانی رووسیایە، بەهۆی هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراینا، کە یەكێتیی ئەوروپا لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوو.
بەپێی سزاکە، سەروەت و سامانەکانی ئالرۆسا و بەڕێوەبەرەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا سڕدەکرێت، هەروەها یەکێتیی ئەوروپا پێدانی ڤیزا بە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە قەدەخە دەکات.
ئالرۆسا گەورەترین کۆمپانیای کانزاکاریی ئەڵماسە لە جیهاندا و 90٪ـی ئەڵماسی رووسیاش بەرهەمدەهێنێت.
یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سزاکەوە دەڵێت "ئالرۆسا بەشێکی گرنگی سێکتەری ئابووریی رووسیا پێکدەهێنێت و سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە بۆ حکومەت [ـی رووسیا]".
یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکەی لە 1ـی ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها قەدەخەی ئەو ئەڵماسانەی رووسیاش کە لە وڵاتانی سێیەمەوە بەرهەمدەهێنرێن و هەناردە دەکرێن، تاوەکو ئەیلوولی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی دوایین ئامار، لە ساڵی 2023ـدا رووسیا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار ئەڵماسی هەناردە کردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق