یەکەم نەشتەرگەریى چاندنى دڵى دەستکرد لە عێراق کرا

ليست هناك تعليقات


یەکەم نەشتەرگەریى چاندنى دڵى دەستکرد لە نەخۆشخانەیەکى پارێزگاى زیقار بۆ کەسێکى 58 ساڵ کرا، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە دەڵێت، "نەشتەرگەرییەکە پێنج کاژێرى خایاندووە و تەندروستیی نەخۆشەکەش باشە."

رۆژی 5ـی کانوونى دووەمى 2024 د. عەقیل خەفاجى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى دڵ لە ناسریە رایگەیاند، نەشتەرگەرییەکە شەوى 20ى کانوونى یەکەمى 2023 بە هاوکارى تیمێکى سەنتەرى پزیشکى هانۆڤەرى ئەڵمانیا کراوە و ئەو کەسەی نەشتەرگەری بۆ کراوە، خەڵکى پارێزگاى موسەننا بووە.

د. عەقیل خەفاجى ئاماژەی بەوەکرد، "نەشتەرگەییەکە پێنج کاژێرى خایاندووە، نەخۆشەکە پێنج رۆژ لە چاودێریى چڕ بوو و ئێستا براوەتەوە قاوش."

د. عەقیل خەفاجى کە پسپۆڕی نەشتەرگەریى دڵە گوتی، "نەخۆشەکە پێشتر تواناى جوڵەى نەبوو، زوو زوو دەبرایە نەخۆشخانە، ئێستا تەندروستیی باشە و ژیانى ئاسایی بووەتەوە و پێشبینی دەکەین سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لە نەخۆشخانە بچێتەدەرەوە."

بیرۆکەى دروستکردنى یەکەیەک بۆ چاندنى دڵى دەستکرد لە نەخۆشخانەى دڵ لە ناسریە بۆ پێنج ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام بە گوتەى د. عەقیل خەفاجی، بەهۆى کێشەى داراییەوە نەیانتوانیوە پێشتر برەو بەو پڕۆژەیە بدەن.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت، کۆمپانیایەکى ئەمریکى دڵى دەستکرد بەرهەمدەهێنێت و توانیویانە چەند ئامێرێکیان لێ بکڕن کە هەر دڵێکى دەستکرد نرخەکەى دەگاتە 260 ملیۆن دینار.

د. عەقیل خەفاجى باسی لەوەشکرد، "لە دواى دابینکردنى چەند ئامێرێکى دڵى دەستکرد، زانیارییمان لەسەر هەندێک لە نەخۆشانمان وەرگرت و لەدواى پشکنین، ئەو نەخۆشانەمان دیاریکرد کە شیاون بۆ ئەو نەشتەرگەرییە."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif