ناتۆ لە ترسی هەڕەشەی رووسیا 1000 مووشەکی پاتریۆت دەکڕێت

ليست هناك تعليقات



بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی رووسیا، ئەندامانی ناتۆ رێککەوتن لەسەر کڕینی 1000 مووشەکی پاتریۆت بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانییان.

رۆژی چوارشەممە (3-1-2024)، ئەندامانی ناتۆ لە ئەوروپا گرێبەستێکیان بۆ کڕینی 1000 مووشەکی پاتریۆت واژۆکرد، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی لە ترسی هەڕەشەکانی رووسیا.

بەرپرسانی ناتۆ دەڵێن، بەهای گرێبەستەکە بە 5.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و دوای ئەو هێرشە چڕانەی رووسیایە بۆ سەر ئۆکراینا لەم چەند رۆژەی رابردوودا.

ئاژانسی لۆجیستیی ناتۆ رایگەیاند، گرێبەستەکە لەنێوان ئەڵمانیا، هۆڵەندا، رۆمانیا و ئیسپانیا واژۆکراوە و بەرهەمهێنانی مووشەکی پاتریۆت لە ئەوروپا زیاددەکات.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی "پێشوازیی لەو رێککەوتنە بۆ کڕینی ئەو مووشەکانە دەکەم، کە دەبنە هۆی بەهێزترکردنی ئاسایشی هاوپەیمانەکانمان."

لە درێژەی بڵاوکراوەکەی ستۆڵتنبێرگدا هاتووە "هێرشە درۆنییەکانی رووسیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل، شار و شارۆچکەکانی ئۆکراینا گرنگیی بەرگریی ئاسمانیمان پێشاندەدەن. بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئەو بەرگرییە بۆ ئاسایشی ئۆکراینا و ئێمە زۆر گرنگە."

مووشەکی پاتریۆت لەلایەن ئەمریکا و ئەڵمانیاوە بۆ ئۆکراینا نێردراوە کە بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی رووسیا بەکاردێت، بەڵام بەهۆی ناردنی مووشەکی زۆر و نەمانی مووشەکەکان، ئەمریکا داوای لە ژاپۆن کرد کە یارمەتیی بدات لە ناردنی مووشەکی زیاتر بۆ ئۆکراینا.

ئاژانسی لۆجیستیی ناتۆ، دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی ئەو مووشەکە لە ئەڵمانیا دروستدەکەن و لەلایەن ئەڵمانیا و ئەمریکاوە سەرپەرشتیی دەکرێت.

کایسا ئۆڵۆنگرێن، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەوروپا بە تەنیا 1000 مووشەکی پاتریۆت بەرهەمدەهێنێت ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هاوئاهەنگیی ئەوروپی دڵنیایی سەرکەوتنێکی گەورە دەدات.


مووشەکی پاتریۆت یان ئێم ئای ئێم-104 سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەکە، دروستکراوی ئەمریکایە و لە ساڵی 1981ـەوە کارایە. پاتریۆت رادارێکی زۆر بەهێزی پێوە بەستراوەتەوە و لەماوەی چەند چرکەیەکدا دەتوانێت هەست بە هێرش بکات و لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان بفڕێت بۆ خستنەخوارەوەی.


پاتریۆت لە چەند جەنگێکی گرنگدا لە جیهان بەکارهاتووە، لەوانەش: جەنگی کەنداو، جەنگی عێراق، جەنگی ئیسرائیل و غەززە لە 2014 و 2023، شەڕی ناوخۆی سووریا و شەڕی یەمەن. نرخی هەر یەکێک لەو مووشەکانە نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif