وەزارەتی دارایی عێراق بە خشتەى خەرجییەکانی بودجەدا دەچێتەوە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە خشتەى خەرجییەکانی بودجە بۆ ساڵى 2024 پێکدەهێنێت، بە مەبەستى زیادکردنى بەشێک لە خەرجییەکان، بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى داراییش، ئەو گۆڕانکارییە کاریگەریى لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان دەبێت.

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى، کە تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتووە، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى لیژنەیەکى پسپۆریى لەو وەزارەتە پێکهێناوە بۆ گۆڕانکاری لە خشتەى خەرجیى بودجە بۆ ساڵى 2024 و زیادکردنی بەشێکیان، بەر لەوەى پارەى بودجەى گشتى بۆ ساڵى نوێ بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

یاساى بودجەى گشتى کە ساڵى 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا بۆ ماوەى سێ ساڵە، پارەکەى نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە.

بەگوێرەى زانیارییەکان ئەو گۆڕانکارییە لە خشتەى خەرجیی بودجەدا بۆ ئەوەیە رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت و لە دواى پەسندکردنى لە پەرلەمان وەک هەموارى یاساى بودجەى گشتى دەنگى لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

گۆڕانکاریی لە خشتەى بودجە کاریگەرى لەسەر خەرجى وەزارەتەکان دەبێت بە پشکى هەرێمى کوردستانیشەوە کە لەیاساکەدا پشکەکەى بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار دەستنیشانکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە لێژنەیەکى دیکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەیرانى عێراق پێکهێندراوە بۆ پێداچوونەوەى بە بودجەى 2023 و ئامادەکردنى پێشنیاز بۆ هەموارکردنى یاساى بودجە بەشێوەیەک کە چارەسەرى کێشەکانى ئەو یاسایە بکات بە پشکى هەرێمى کوردستانیشەوە، لیژنەکە لە راوێژکارانى سەرۆکوەزیران و هەندێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێکهاتوون.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، کە ئەندامى لیژنەکەى سەرۆکوەزیرانیشە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەگەر کارى لیژنەکەیان بکەوێتە پێش کارى لێژنەکەى وەزارەتى دارایی، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر دەبێت.

جەمال کۆچەر گوتى: "پێشنیازەکان ئەوەن کە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە خەرجى راستەقینە دەربهێندرێت و بخرێتە سەر بودجەى حاکیمە، پارەى تێچووى دەرهێنانى یەک بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستانیش لە شەش بۆ هەشت دۆلارەوە بکرێتە 20 بۆ 21 دۆلار".

لە سەرەتاى ساڵى 2023 تاوەکو ئێستا بە چەند گوژمەیەک بەغدا چوار تریلیۆن و 698 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، کە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارى بە قەرزە و لەگەڵ پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024 پاکتاو دەکرێت.

ئەندامەکەى لیژنەى پێداچوونەوە بە یاساى بودجەى 2023 ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکانى لیژنەکە بکەونە سەرەتاى ساڵى 2024 بۆ دەستکاریکردنى ئەو بڕگانەى پەیوەندارن بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە.

 
 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif