ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ لەلای پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا

ليست هناك تعليقات



لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی وڵاتی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، بەئەندامبوونی سوێدی لە ناتۆ پەسندکرد.

بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای بەڵێننامەی حکومەتی سوێدیان لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و بریاریش درا درێژە بە دیالۆگ بدرێت. فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "سوێد لە بابەتی کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی هەنگاوی ناوە، بەڵام لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هێشتا ئەنجامی چاوەڕوانکراومان نەبینیوە".

دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئەندام لە لیژنەکە بۆچوونی خۆیان دەربڕی، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ خرایە دەنگدان و پەسندکرا. بەگوێرەی رێکارەکانی پەرلەمان، لە هەنگاوی داهاتوودا بابەتی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بریاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.

رۆژی 28-6-2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر داواکاریی بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند کۆبوونەوە. لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا.

دوای کەمتر لە ساڵێک لە داواکارییەکەی، نیسانی 2023 ئاڵای فینلاند لە بارەگای هاوپەیمانیی ناتۆ هەڵکرا و ئەو وڵاتە بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.

 

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif