میری کوێت یەکەم کاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و حکومەت بوو

ليست هناك تعليقات



لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاساییدا وەک میری نوێی کوێت، شێخ میشعەل ئەلسوباح بڕیاریدا کابینەی حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە و گوتی، "ئێمە هیچ گۆڕانکاری و راستکردنەوەیەکمان لە کابینەی حکومەت و پەرلەمان نەبینیوە. بەڵکو تەنیا زیانیان بە گەل و نیشتیمان گەیاندووە."

رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، شێخ میشعەل ئەحمەد جابر ئەلسوباح، وەک 17ـمین میری کوێت سوێندی یاسایی خوارد و بڕیاریدا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشێنێتەوە بەهۆی ئەوەی "پەرلەمان زیان بە بەرژەوەندیی نیشتیمان دەگەیێنێت."

میرە 83 ساڵییەکە بە بەرپرسانی ئامادەبووی گوت، "من لە چەندین لێدوانی پێشوومدا ئاماژەم بەوە داوە، چەند پێویستییەکی نیشتیمانی هەن کە دەبێت جێبەجێ بکرێن. ئێمە هیچ گۆڕانکاری و راستکردنەوەیەکمان لە کابینەی حکومەت و پەرلەمان نەبینیوە. بەڵکو تەنیا زیانیان بە گەل و نیشتیمان گەیاندووە."

میرە نوێیەکە کە پێشتر شازادەی جێنیشین بوو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، "هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە". ئەو هەروەها هۆشداریی دا "وڵاتەکەمان بە قەیران، ئاڵنگاری و مەترسی گەماڕۆدراوە، بۆیە پێویستە چاوێک بە هەموو لایەنەکان بخشێنینەوە."

بەپێی مادەی 107 لە دەستووری کوێت، "میری وڵات دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر هۆکارێکی هەبێت."

پەرلەمانی کوێت کە بە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوێت ناسراوە لە 1963 دامەزراوە، پەرلەمانەکە لە 50 ئەندام و 16 وەزیری حکومی پێکدێت. پەرلەمانی کوێت بەوە جیا دەکرێتەوە کە ئەندامی سەربەخۆی زۆرە، بە جۆرێک 46 ئەندامی ئێستای وڵاتە بچووکە عەرەبییەکە سەربەخۆن کە لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە 6-6-2023 هەڵبژێردران.

ساڵی 2001 نەیسان براون، زانای ئەمریکی لە بواری یاسا و سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن پەرلەمانی کوێتی بە "سەربەخۆترین پەرلەمانی جیهان" وەسفکرد.

میری نوێی کوێت هێشتا دوو ئەرکی دیکەی لە پێشە: دیاریکردنی شازادەیەکی جێنیشین و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ. بۆ دەستنیشانکردنی شازادەی جێنیشین ساڵێکی لەبەر دەستە، بەڵام چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا دەتوانێت وەک میری پێشوو لەماوەی 7 رۆژدا یەکێک دەستنیشان بکات.

رۆژی شەممە، 16-12-2023، تەلەڤزیۆنی فەرمیی کوێت بڵاویکردەوە، "دەوڵەتی کوێت شێخ میشعەل ئەحمەد جابر ئەلسوباحی وەک میری نوێی کوێت دەستنیشانکرد."

چەند کاژێرێک پێش ئەم راگەیاندنە، هەمان تەلەڤزیۆن کۆچی دوایی شێخ نەوافی میری وڵاتەکەی راگەیاند. شێخ میشعەل زڕبرای میرە کۆچکردووەکەیە و تەمەنی 83 ساڵە.

میرە نوێیەکەی کوێت لەدایکبووی ساڵی 1940ـە و حەوتەم کوڕی جابر ئەلسوباحە. شێخ میشعەل زۆربەی ساڵەکانی کارکردنی لە دەزگەکانی ئاسایش و هەواڵگرییدا بەسەربردووە و پێشتر سێ زڕبرای خۆی میری کوێت بوون. شێخ جابر لە 1977 بۆ 2006؛ شێخ سەباح لە 2006 بۆ 2020 و شێخ نەواف لە 2020 بۆ 2023.

شێخ میشعەل کۆلێژی پۆلیسیی هێندۆنی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خوێندووە. دوای هاتنەوەی، لە ساڵی 1967 بۆ 1980 وەک سەرۆکی ئاسایش و هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە کاریکردووە.

کوێت وڵاتێکی بچووکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دەکەوێتە ناوچەی کەنداو؛ هاوسنووری عێراق و سعودیەیە. وڵاتەکە لە ساڵی 1613 دامەزراوە و لە ساڵی 1752 سەربەخۆیی لە ئەمارەتی بەنی خەلیل وەرگرتووە و پاشان دوای دوو رێککەوتننامە لەگەڵ بەریتانیا لە ساڵەکانی 1899 و 1913 دواجار لە 1961 سوپای بەریتانیا لە خاکەکەی چووەتە دەرەوە. لە 1991 دوای داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە، بە یارمەتیی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان ئازادکرا.

دانیشتووانی وڵاتەکە 4.4 ملیۆن کەسن، 1.45 ملیۆن لەو ژمارەیە کوێتی رەسەنن، کە 32.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و سێ ملیۆنەکەی دیکە هاووڵاتی بیانیی 100 وڵاتی جیاوازن و زۆربەی دانیشتووانەکە نیشتەجێی شاری کوێتی پایتەختن.

زمانی فەرمیی وڵاتەکە عەرەبی و ئینگلیزییە، جگە لەوانە زمانەکانی هیندی، بەنگالی، ئۆردو، مالیزی، فارسی، تورکی، فەرەنسی و پەشتویی قسەیان پێدەکرێت. سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە پەرلەمانی و پاشایەتییە.

%76.6ی دانیشتووانی کوێت موسڵمانن، 17.3% کریستیان و 6%یش ئایینی دیکەیان هەیە. دراوی وڵاتەکە دیناری کوێتییە و یەکێکە لە دراوە زۆر بەهێزەکانی جیهان بە جۆرێک یەک دیناری کوێتی بەرامبەر 3.24 دۆلاری ئەمریکییە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif