112 سندووقى دەنگدانى کەرکووک بە دەستی دەژمێردرێنەوە

ليست هناك تعليقات


112 سندووقى دەنگدانى گشتى و تایبەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک بە دەستى دەژمێردرێنەوە، کە پێشتر نەتواندراوە زانیاریى دەنگدانى لێ رابکێشرێت، یان بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا، کە نزیکەى 20 هەزار دەنگیان تێدایە.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ى کانوونى یەکەمى 2023، زیاتر لە هەزار سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بە دەستى بژمێردرێنەوە، کە لە دەنگدانى گشتى و تایبەتدا نەتواندراوە زانیارییەکانى ئەنجامى دەنگدانى بە شێوەى ئەلیکترۆنى لێوە بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندى نیشتمانیى کۆمیسیۆن لە بەغدا یان بدرێتە بریکارى لیست و لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن لە هەردوو رۆژى دەنگدانەکەدا.

رۆژی 20ى کانوونى یەکەمى 2023 عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنى ئۆفیسی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق  رایگەیاند، لە سنوورى کەرکووک 112 سندووقى دەنگدان لە ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە کەرکووک جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستیى دەنگەکانیان بۆ دەکرێت.

عەبدولباست دەروێش گوتیشى، "لەو 112 سندووقە، 110 سندووقی دەنگدانى تایبەتە و دوو سندووقەکەى دیکەش بۆ دەنگدانى گشتییە."

رۆژی 16ى کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت و لە 18ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و عێراق کرا.

بەگوێرەى ئەو زانیاریەکانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەستى کەوتووە، تێکڕاى ژمارەى ئەو دەنگدانەى کە لەو 112 سندووقەى کەرکووک-دان، دەگاتە نزیکەى 20 هەزار دەنگ.

بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 10ى یاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئەگەر ئامێرى دەنگدان لە ماوەى شەش کاژێردا نەیتوانى ئەنجامەکان بنێرێت بۆ ناوەندى سەرەکى، ئەو سندووقانەى دەنگدان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندى وردبینى لە پارێزگاکە بۆ وردبینیکردن و بە دەستی دەنگەکانى دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامەکانى دەبەسترێت.

رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق 94.4%ی ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە. ئەو ئەنجامەى کۆمیسیۆن بڵاویکردەوە، 94.4%ى تێکڕاى ئەنجامى دەنگەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، 5.6%ى ئەنجامەکان دیکە کە ماون پەیوەندارن بەو سندووقەکانەوە کە ژماردنى دەستیان بۆ دەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif