خۆپیشاندانى مامۆستایان بەرەو کوێ؟

ليست هناك تعليقات


وریا حسین
-
زۆنى سەوز ئێستا دووەم ئەزموونى خۆى لەبوارى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دواى ١٧ى شوبات بەڕێدەکات، خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران، کە ئێستا لە دەستى ئەو دوو چینە بەتەواو دەرچووە و سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر مێز مامەڵە و گرەوى لەسەر دەکەن، بووەتە دووەم ڕووخسارى ناڕەزایەتى سنورى زۆنەکە.

بەتایبەت کاتێک مامۆستایانى ناڕازى لە کۆتا بانگەوازى خۆپیشاندانى ڕۆژى یەک شەممەى ڕابردوو، لەبەر هەر هۆیەک بێت دەستیان شلکرد بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە بانگهێشتێک ناڕاستەوخۆ فەرموویان لێکرن کە خۆپیشاندان قەرەباڵخ بکەن.

ئێستا من دەتوانم بە بەبێ هیچ ڕتووشێک بڵێم، خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران لە خۆپیشاندانى چینیکى دیاریکراو دەرچووە کە داواى مافى خۆیان دەکرد، لەهەمووشى مەترسیدارتر لەدەستى ئەو مامۆستایانە نەماوە کە ١٠ ساڵە لەسەر شەقام هاوار دەکەن، ڕاستە ئەو ڕووخسارە بێگەرد و پاکانەى ١٠ ساڵ لەمەوبەر بەهیواى گۆڕانکارى چونە سەرشەقام، هەموو ڕووخساریان ژاکا، بەڵام لەگەڵیشدا دەستکەوتى زۆریان هەبوو، بەداخەوە ماندووبون زۆربەیانى خستە کەندەڵانێکەوە قورسە خۆیان قوتاربکەن. 

بەتایبەت کاتێک ئێستا ڕووخسارى خۆپیشاندان هەمان ئەو ڕووخسارەیە لە دوا ڕۆژەکانى ١٧ى شوبات هەبوو، هەر پارت و گروپى ئۆپۆزسیۆن بەجۆرێک سودى لە ناڕەزایەتیەکان وەردەگرت و دەیویست پیشانى بدات، ئەو خاوەنى خۆپیشاندانە، ئیدى نەک کەس داوا سەرەکیەکەى دەناسیەوە و نە گوتارى کەسیش لەکەس دەچوو، بۆیە لەکۆتایدا، چینیک بوونە خاوەنى مەنسەب و پارە و ڤێلا، چینیکى دیکە خوێن لەدڵیان دەچۆڕا. 

تاپیش خۆپیشاندانى ڕۆژى یەک شەممە، خاڵى لاوازى خۆپیشاندان زۆر کەمبوو، خاڵى هەر لاوازیش ئەوەبوو ئەم خۆپیشاندانانە تەنها لەزۆنى سەوزن، کە خۆپیشاندان تێیدا زۆر ئاساییە، بەجۆرێک وایلێهاتووە پەرلەمانتار هەیە لە قەڵاتەوە بەرد هەڵبدە پەنجەرەى ماڵەکەى دەشکێنى، بەڵام لەسلێمانى خۆپیشاندان دەکات، مامۆستا هەیە لەهەولێر و دهۆک لەسەربانیش خۆپیشاندانى پێناکرێت لەسلێمانى خەشمى خۆى هەڵدەڕێژێت.

من بیرم دێت ١٧ى شوبات هەمان دۆخ بوو، کاتێک پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەردا گرت، شەوێکى کاتژمێر ١٢ى شەو هەمووان پێکەوە بڕیاریاندا خۆپیشاندان کۆتایى بێت کاتێک سنورى دێگەڵەیان نەبڕى زانیان سلێمانى تەحصیل حاصڵە و هیچیان پێناکرێت، بۆیە هەریەکەو نوێنەرى خۆى کشاندەوە و ئەنجومەنى سەراى ئازادیش مایەوە تاپۆیەکى بێ هیوا، هەر ئەوکات فاروق ڕەفیق کە ئەجێنداى ڕوون نەبوو دەچێتە لاى کاک نەوشیروان پێى دەڵێت:"قبوڵى ناکەین"، بەڵام ئەو بەیەک بزەى شیرین وەڵامى دەداتەوە... من ڕۆژێک دواى کۆتایى هاتنى خۆپیشاندان لەباخى بەردەم تەلارى هونەر د.فاروق ڕەفیقم بەنهێنى بینى کە خۆى حەشاردابوو، هێندە بێتاقەت بوو "تاقەتى قژ داهێنانى نەبوو"، واى تێگەشتم "ئەوەى بۆى چووبوو، دەستخاڵى لێى هاتەووەتە دەرەوە لێى". 

پیم وایە ئێستا خاڵە لاوازەکانى خۆپیشاندان زیادبوون، یەکێک لەوانەش مامۆستایان خۆیان بە هەر نرخێک بێت و لەپێناو هەر نرخێک بێت دەرگایان بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کردەوە تا ئیدارەیان بکەن، ئەمە پێم وایە:"مەلیکى ناو یارییەکە ناچار دەکات جوڵە بکات".

بڕوایەکى پتەوم بەوەهەیە، ئەم دۆخە لەسودى مامۆستایان نیە.. ئەو گریانە پڕ هەست و سۆزەى کە دڵى هەموومانى هەژاند ساڵى ٢٠١٧ لەکاتى شکانى بایکۆت کردیان زۆر ئازایانە و دڵگەرمانە تربوو، وەکو لەوەى ئێستا دەستى سیاسیەکانیان واڵاکرد تاوەکو ئیدارەیان بدەن، چونکە دواى ئەو گریانە دەیان هەزار دڵ خرۆشا تاوەکو ئەمساڵ بە گوڕێکى گەرمتر دەست پێ بکەنەوە بۆ مافەکانیان، بەڵام ئەمجارە ئەگەر خۆپیشاندان کۆتایهات دەبێتە دووەم مێژووى پاش ١٧ى شوبات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif