نەتەوە یەکگرتووەکان: دانیشتووانی غەززە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە

ليست هناك تعليقات


 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، هەموو دانیشتووانی غەززە کە ژمارەیان 2.3 ملیۆن کەسە، رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت قەیرانی برسێتی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی دانیشتووانی کەرتەکە.

رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و راپۆرتەکە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، لەوەتەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی کە لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە".

"ئەوەی لە غەززە روودەدات، پێشتر لە هیچ شوێنێک رووینەداوە"

عارف حوسێن، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی رایدەگەیێنێت، "ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات، پێشتر لە هیچ شوێنێک رووینەداوە. من پێشتر لە یەمەن، سووریا، باشووری سوودان، ئەسیوپیا و نێجیریا بووم، بەڵام تاوەکو ئێستا نەمبینیوە شتێکی ئاوا خراپ بەو خێراییە رووبدات".

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە غەززە ئاوارەبوون چوار بەرامبەر ئەو ژمارەیەیە کە پێشبینی دەکرا ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان رووبەڕووی برسێتی ببنەوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە غەززە کوژراون کە 70٪ـیان ژن و منداڵن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات، لە 36 نەخۆشخانەی غەززە تەنیا هەشت نەخۆشخانەیان کار دەکەن.

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی ناسراو بە ئۆچا (OCHA) لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی کەرتی غەززە دەڵێت، "1.9 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و ئەوەش دەکاتە 90٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی فەلەستین."

نزیکەی 1.1 ملیۆن ئاوارە لە 156 شێڵتەری ژێر چاودێریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێننەوە و زۆربەیان کە ٪86ـە لە باشووری کەرتەکەن؛ 191 هەزار کەس لەو ژمارەیە لە 124 قوتابخانە و نەخۆشخانە دەمێننەوە.

زیاتر لە نۆ هەفتەیە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif