ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی پووتین و حەماس پاشەکشە ناکات

ليست هناك تعليقات


گوتار: جۆ بایدن

وەرگێڕان: بژار زوبێر
-
ئەمڕۆ جیهان لە بەردەم خاڵی وەرچەرخاندایە، بە جۆرێک کە ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەیاندەین، لەوانەش سەبارەت بە قەیرانەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاراستەی داهاتووی چەندین پشتمان دیاری دەکەن.

جیهانەکەمان لەودیو ئەم ململانێیانەوە چۆن دەبێت؟ ئایا رۆژێک دێت ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لە دوو دەوڵەتی دوو گەلدا لە تەنیشت یەک بە ئاشتی بژین؟ ئایا لێپرسینەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین دەکەین لە بەرامبەر دوژمنکارییەکەی بۆ ئەوەی خەڵکی ئۆکراینا بتوانن ئازادانە بژین و ئەوروپاش بە لەنگەری ئاشتی و ئاسایشی جیهان بمێنێتەوە؟

هەروەها پرسیارە گەورەکە ئەمەیە: ئایا کۆڵنەدەرانە هەوڵی بەدیهێنانی ئەو روانگە ئەرێنییە دەدەین کە بۆ داهاتوو هەمانە یانیش رێگە بەوانە دەدەین کە بەهاکانی ئێمەیان نییە جیهان بخزێننە نێو شوێنێکی مەترسیدارتر و دابەشبووتر؟

پووتین و حەماس هەردووکیان شەڕ دەکەن تاوەکو دیموکراسییەکی دراوسێی خۆیان لەسەر نەخشە بسڕنەوە. هەروەها پووتین و حەماس هەردووکیان هیوادەخوازن سەقامگیری و تەبایی هەرێمی هەرەسبێنێت و پشێوییەکانی دواتریشی بقۆزنەوە. ئەمریکا ناتوانێت رێگە بدات و رێگەش نادات ئەوە رووبدات، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆمان و بەرژەوەندییەکانی هەموو جیهان.

ئەمریکا وڵاتێکی سەرەکییە. ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانەکان کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی بە رووی دوژمنکارەکاندا بووەستینەوە و لەپێناو داهاتووییەکی گەشتر و ئارامتر بەرەوپێشچوونمان هەبێت. جیهان چاوی لە ئێمەیە تاوەکو کێشەکانی سەردەمەکەمان چارەسەربکەین. ئەوە ئەرکی سەرکردایەتیکردنە و ئەمریکاش سەرکردایەتی دەکات، چونکە ئەگەر دەستبەرداری ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ بین، دەکرێت مەترسیی ململانێ تەشەنە بکات، ئەو کات تێچووی چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان تەنانەت زیاتریش دەبێت. هەربۆیە رێگە نادەین ئەوە رووبدات.

ئەم بڕوایە رەگی روانگەی منە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئۆکراینا لە کاتێکدا کە بەردەوامن لە بەرگریکردن لە ئازادییەکەیان دژی جەنگی دڕندانەی پووتین.

لە دوو جەنگی جیهانیی سەدەی رابردووەوە دەزانین کە هەر کاتێک دووژمنکاری لە ئەوروپا بێ وەڵام دەربازی بێت، قەیرانەکە لە خۆیەوە ناکوژێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ ئەمریکاش بۆ نێو خۆی رادەکێشێت. هەربۆیە پابەندبوونی ئەمڕۆمان بە ئۆکرایناوە وەبەرهێنانە لە ئاساییشی خۆماندا. ئەو کارەمان رێگری لە ململانێیەکی بەرفراوانتری سبەی دەکات.

ئێمە هێزەکانی ئەمریکامان لە دەرەوەی ئەم جەنگە هێشتووەتەوە، ئەوەش لە رێگەی پشتیوانیکردنی ئۆکراینییە قارەمانەکان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و نیشتمانەکەیان. ئێمە چەک و یارمەتیی ئابوورییان پێ دەدەین بۆ ئەوەی بەر بە هەڵمەتی داگیرکارییەکەی پووتین بگرن، پێش ئەوەی ململانێکە زیاتر بڵاوبێتەوە.

لەم کارەدا ئەمریکا بە تەنیا نییە. زیاتر لە 50 وڵات لەگەڵمان بەشدارن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئۆکراینا هەموو شتێکی پێویستی دەبێت تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات. هاوبەشەکانمان شانیان داوەتە بەر بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتیی ئابووریی پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. ئێمە هەروەها ناتۆیەکی بەهێزتر و یەکگرتووترمان بونیادناوە، کە لە رێگەی هێزی هاوپەیمانەکانمان، ئاساییشی ئێمە بەهێز دەکات و لە هەمان کاتدا روونی دەکاتەوە کە بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ناتۆ دەکەین بۆ رێگرتن لە دوژمنکاریی زیاتری رووسیا. هاوپەیمانەکانمان لە ئاســیــــــاش لە ریزی ئێمە وەستاون بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا و لێپرسینەوە لە پووتین، چونکە ئەوان تێدەگەن کە سەقامگیری ئەوروپا و ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، لە بنەڕەتدا پێکەوە بەستراون.

هەروەها بە درێژایی مێژوو بینیومانە کە چۆن ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێت لێکەوتیان بۆ سەرانسەری جیهان هەبێت.

ئێمە بە هێزەوە پشتگیری لە خەڵکی ئیسرائیل دەکەین، لە کاتێکدا دژی هیچگەرایی کوشندەی حەماس بەرگری لە خۆیان دەکەن. لە 7ی تشرینی یەکەمدا حەماس هەزار و 200 کەسی کوشت، لەنێویاندا 35 هاووڵاتیی ئەمریکی، کە ئەوە خراپترین تاوان بوو لە دوای هۆڵۆکۆستەوە لە یەک رۆژدا دژی جووەکان کرابێت. منداڵی ساوا و شیرەخۆر، دایک و باوک، داپیرە و باپیرە، خاوەن پێداویستیی تایبەت، تەنانەت رزگاربووانی هۆڵۆکۆستیش لەتوپەتکران و کوژران. خێزانەکان لە نێو ماڵەکانیاندا بە تەواوی کۆمەڵکوژکران. گەنجان لە فێستیڤاڵێکی میوزیکدا دەستڕێژیان لێکرا و کوژران. ئەوان بە گوللـە هەنجن هەنجن کران و بە شێوەیەک سووتابوون کە نەدەناسرانەوە. زیاتر لە مانگێکیشە خێزانی زیاتر لە 200 کەس کە لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، لە نێویاندا منداڵی ساوا و هاووڵاتیانی ئەمریکی، لە دۆزەخدا دەژین و دەستیان لەسەر دڵیانە، چاوەڕێ دەکەن بزانن ئازیزانیان ماون یان مردوون. لە کاتی نووسینی ئەم گوتارەدا، من و تیمەکەم کاژێر بە کاژێر کاردەکەین و هەر شتێکمان لەدەست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو بارمتانە ئازادبکرێن.

لە کاتێکدا ئیسرائیلییەکان هێشتا تاساون و کۆستی دەروونیی ئەم هێرشە بەرینەداون، حەماس بەڵێنی داوە کە بێووچان هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی 7ی تشرینی یەکەم دووبارە بکاتەوە. زۆر بە روونی گوتوویەتی کە دەست هەڵناگرێت.

خەڵکی فەلەستین شایەنی ئەوەن دەوڵەتی خۆیان و داهاتوویەکی ئازادکراو لە حەماسیان هەبێت. منیش دڵتەنگم بە دیمەنەکانی غەززە و گیانلەدەستدانی ئەو چەندین هەزار سڤیلە، لە نێویاندا منداڵان. منداڵانی فەلەستینی بۆ دایک و باوکە لەدەستچووەکانیان دەگرین. دایکان و باوکان ناوی منداڵەکانیان لەسەر دەست و پێیان دەنووسن بۆ ئەوەی ئەگەر خراپترینەکە روویدا، بناسرێنەوە. پەرستار و پزیشکە فەلەستینییەکان، بە سەرچاوەی کەم یان هیچەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن ژیانی بەهاگرانی هەموو کەسێک رزگاربکەن. لەدەستدانی ژیانی هەر تاکێکی سڤیلی بێگوناهی فەلەستینی، تراژیدیایەکە کە خێزان و کۆمەڵگەکان پەرتەوازە دەکات.

پێویستە ئامانجی ئێمە ئەوە نەبێت تەنیا بۆ ئەمڕۆ جەنگ بوەستێنین، بەڵکو پێویستە ئامانجمان وەستاندنی تاهەتایی جەنگ و شکاندنی سوڕی بەردەوامی تووندوتیژی و بونیادنانی شتێکی بەهێزتر بێت لە غەززە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە.

چەند هەفتەیەکی کەم بەر لە 7ی تشرینی یەکەم، من لە نیویۆرک لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبوومەوە. بابەتی سەرەکی ئەو گفتوگۆیەمان چەند پابەندبوونێکی گرنگ بوون کە یارمەتیی ئیسرائیل و ناوچە فەلەستینییەکانیش دەدەن باشتر ئاوێتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بن. هەر ئەوەشە کە لە پشت بیرۆکەی ئەو رێڕەوە ئابوورییە داهێنکارەوەیە کە لە رێگەی ئیمارات، سعودیە، ئوردن و ئیسرائیلەوە، هیندستان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، کە لە سەرەتای ئەیلوول، پێکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە لووتکەی کۆمەڵەی 20 لە هیندستان رامگەیاند. پێکەوەگرێدانی بەهێزتری وڵاتان بازاڕی ئاسۆڕوونتر دروست دەکات و وەبەرهێنانی زیاتریش دەهێنێتە کایەوە. پێکەوەگرێدانی باشتری هەرێمی، لەوانەش لە رووی ژێرخانی فیزیایی و ئابوورییەوە، دەبێتە پاڵپشتێک بۆ هەلی کار و دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارمان بۆ بەدیهێنانی کردووە؛ داهاتوویەکە کە هیچ شوێنێکی بۆ تووندوتیژی و رق و کینەی حەماس تێدا نابێتەوە. پێم وایە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی ئومێدی ئەو داهاتووە، یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە وای لە حەماس کرد ئەم قەیرانەی ئێستا بوروژێنێت.

تا ئێرە روونە. چارەسەری دامەزراندنی دوو دەوڵەت تاکە رێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاساییشی درێژخایەنی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین. ئەگەرچی لەم کاتەدا وا دەردەکەوێت ئەو داهاتووە هەرگیز هێندەی ئێستا دوور نەبووە، ئەم قەیرانە وایکرد کە بەدیهێنانی ئەو داهاتووە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستتر بێت.

چارەسەری دوو دەوڵەت، ژیانی دوو میللـەت لە تەنیشت یەکەوە بە ئەندازەی یەکسان لە ئازادی، دەرفەت و شکۆمەندی، ئەو شتەیە کە دەبێت رێگەی ئاشتی بۆی بڕوات. گەیشتن پێی، پێویستی بە پابەندبوونی ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانیشمانە. ئەو کارە پێویستە لە ئێستاوە دەستپێبکات.

لەو پێناوەشدا، پێویستە غەززە هەرگیز جارێکی دیکە وەک سەکۆیەکی تیرۆر بەکارنەهێنرێتەوە. پێویستە هیچ دەربەدەرکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکان لە غەززە روونەدات، هیچ داگیرکردنەوەیەکی غەززە نەبێت، هیچ ئابڵۆقە و گەمارۆیەکی لەسەر نەبێت و هیچ کەمکردنەوەیەک لە خاکەکەیدا نەبێت. دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، پێویستە دەنگ و ئاواتی فەلەستینییەکان لە چەقی حکومڕانیی غەززەی دوای قەیراندا بێت.

لە کاتێکدا ئێمە هەوڵی ئاشتی دەدەین، پێویستە غەززە و کەرتی رۆژئاوا لە ژێر یەک پێکهاتەی حوکمڕانیدا، لە کۆتاییدا لە ژێر دەسەڵاتێکی دووبارە کاراکراوی فەلەستینیدا یەکبگرنەوە؛ لە هەمان کاتدا هەموومان کاردەکەین بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەتی. من لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل جەختم لەوە کردووەتەوە کە تووندوتیژی تووندڕۆیانە دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا دەبێت بووەستێت و ئەوانەی تووندوتیژی ئەنجامدەدەن دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. ئەمریکا ئامادەیە هەنگاوی خۆی بنێت، لەوانە دەرکردنی قەدەخەی ڤیزە لە دژی تووندڕۆکان کە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە کەرتی رۆژئاوا.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت سەرچاوە تەرخان بکات بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی غەززە لە دوای ئەم قەیرانە، لەوانەش رێوشوێنی ئەمنیی کاتی و دامەزراندنی میکانیزمێکی ئاوەدانکردنەوە بۆ دابینکردنی بەردەوامی پێداویستییە درێژخایەنەکانی غەززە. زۆر گرنگە کە جارێکی دیکە هیچ هەڕەشەیەکی تیرۆریستی لە غەززەوە یان کەرتی رۆژئاواوە سەرهەڵنەدات.

ئەگەر بتوانین لەسەر ئەم هەنگاوە سەرەتاییانە رێکبکەوین و پێکەوە بیانگرینەبەر، دەتوانین دەست بکەین بە وێناکردنی هاتنەکایەی داهاتوویەکی جیاواز. لە چەند مانگی داهاتوودا هەوڵەکانمان دوو هێندە دەکەین بۆ هەبوونی رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی ئارامتر، یەکگرتووتر و ئاوەدانتر - ناوچەیەک کە تێیدا دروستبوونەوەی رۆژێکی وەک 7ی تشرینی یەکەم شیاوی بیرلێکردنەوە نەبێت.

لەم نێوەندەدا، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە تەشەنە نەکات و زیاتر پەرەنەستێنێت. فەرمانم بە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کرد بڕۆن بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی توانای بەرپەرچدانەوەمان تۆکمە بکەن. ئێمە بەدوای حەماس و ئەو کەسانەوەین کە تیرۆر پارەدار و ئاسان دەکەن، چەندین گەڕی سزا دەسەپێنن بۆ لێدان لە پێکهاتەی دارایی حەماس، دابڕاندنی لە سەرچاوەی دارایی دەرەکی و رێگریکردن لە گەیشتنی بە سەرچاوەی نوێی دارایی، لەنێویاندا ئەوانەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها روون و راشکاوم کە ئەمریکا ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ بەرگریکردن لە سەرباز و کارمەندانی کە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون، چەندین جاریش وەڵامی هێرشەکانی سەرمان داوەتەوە.

هەروەها وەک یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە لە کاتی جەنگدا ئەو کارەی کردبێت، دەستبەجێ گەشتم کرد بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی هاوسۆزی بۆ گەلی ئیسرائیل نیشان بدەم و بۆ جیهان دووپاتی بکەمەوە کە ئەمریکا پشتی ئیسرائیل دەگرێت. ئیسرائیل دەبێت بەرگری لە خۆی بکات. ئەوە مافی خۆیەتی. هەروەها کاتێک لە تەلئەڤیڤ بووم، ئامۆژگاری ئیسرائیلییەکانم کرد کە نەهێڵن ئازار و توڕەییەکەیان بەلاڕێیاندا ببەن.

لە سەرەتاوە، ئیدارەکەم داوایکردووە رێز لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بگیرێت، لەدەستدانی ژیانی بێتاوانەکان کەمبکرێتەوە و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە پێشەوە دابنرێت. دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، یارمەتی لەسەر غەززە بڕدرا، یەدەگی خۆراک، ئاو و دەرمان بە خێرایی بەرەو نەمان چوو. وەک بەشێک لە سەردانەکەم بۆ ئیسرائیل، لە نزیکەوە کارم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل و میسردا کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییە پێویستەکان بە غەززەییەکان. لە ماوەی چەند رۆژێکدا، بارهەڵگری یارمەتییەکان دووبارە دەستیان بە پەڕینەوە لە سنوورەکە کرد. ئێستا، رۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگر لە میسرەوە دەڕۆنە غەززە. بەردەوامیشین لە کارکردن بۆ ئەوەی گەیاندنی یارمەتییەکان چەند هێندەی ئێستا زیاد بکەین. هەروەها من داکۆکیم لە وەستاندنی کاتیی مرۆیی شەڕ کردووە بۆ ئەوەی رێگە بە خەڵکی سڤیل بدرێت ئەو شوێنانە جێبێڵن کە شەڕیان تێدا چالاکە و یارمەتییەکانیش بگەنە ئەو خەڵکەی کە پێویستیان پێیەتی. ئیسرائیل رێوشوێنی زیاتری گرتەبەر بۆ ئەوەی دوو رێڕەوی مرۆیی دروستبکات و رۆژانە چوار کاژێر شەڕ لە باکووری غەززە بووەستێنێت تاوەکو رێگە بە خەڵکی سڤیلی غەززە بدەن بەرەو ناوچە پارێزراوترەکانی باشوور هەڵبێن.

ئەمە بە روونی پێچەوانەی ستراتیجە تیرۆرتستییەکەی حەماسە: خۆشاردنەوە لەنێو فەلەستینییە سڤیلەکان؛ بەکارهێنانی منداڵان و بێتاوانەکان وەک قەڵخانی مرۆیی؛ لێدانی تونێلی تیرۆریستی لە ژێر نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و شوێنی نیشتەجێبوون؛ زیادکردنی مردن و نەهامەتیی خەڵکی بێگوناهـ، بەوانەی فەلستین و ئیسرائیلییەکانیشەوە. ئەگەر حەماس کەمترین بایەخی بۆ ژیانی فەلەستینییەکان هەبووایە، هەموو بارمتەکانی ئازاد دەکرد، چەکی دادەنا و سەرکردەکانی و ئەوانەشی کە بەرپرسن لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم، خۆیان بەدەستەوە دەدا.

تاوەکو حەماس بەردەوام بێت لە چنگگرتن بە ئایدیۆلۆجیای وێرانکاری، ئاگربەست بە واتەی ئاشتی نایەت. بۆ ئەندامانی حەماس، هەموو ئاگربەستێک دەرفەتێکە تاوەکو بۆ پڕکردنەوەی کۆگای مووشەکەکانیان، جێگیرکردنەوەی شەڕکەرەکانیان و دەستپێکردنەوەی کوشتن لە رێگەی دووبارە هێرشکردنەوە سەر خەڵکی سڤیل، بیقۆزنەوە. ئەنجامێک کە وا بکات حەماس لە فەرمانڕەوایکردنی غەززە بمێنێتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە رق و کینەی خۆی دەربخات و رێگری لە خەڵکی سڤیلی فەلەستینی بکات تاوەکو دەرفەتی ئەوەیان نەبێت شتێکی باشتر بۆ خۆیان بونیادبنێن.

لێرەش لە وڵاتەکەمان، لە کاتی زیادبوونی هەستی ترس، گومان، دڵگرانی و توڕەییدا، پێویستە کۆڵنەدەرانەتر کاربکەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو بەهایانەمان بکەین کە ئێمەی کردووەتە ئەو شتەی ئێستا هەین. ئێمە وڵاتێکی خاوەن ئازادیی ئایینی و ئازادیی دەربڕینین. ئێمە هەموومان مافی ئەوەمان هەیە گفتوگۆ بکەین و رای جیاواز دەرببڕین و ئاشتیانە خۆپێشاندان بکەین، بەڵام بێ ئەوەی لەوە بترسین کە لە قوتابخانە و شوێنی کارکردن یان هەرشوێنێکی دیکە لە کۆمەڵگەکانماندا بکرێنە ئامانج.

لە ساڵانی دواییدا، ئۆکسجینی زۆر بە رق و کینەیەکی زۆر گەورە دراوە، دەمارگیریی هەڵکشاوە و دژایەتیکردنی سامێتی بە شێوەیەکی نیگەرانکەر لە ئەمریکا زیادیکردووە. ئەوە لە دوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمەوە زیاتریش بووە. خێزانە جووەکان نیگەرانی ئەوەن لە قوتابخانە، لە کاتی لەبەرکردنی دروشمی بڕواکەیان لە سەر شەقامەکان یان لە کاتی راپەڕاندنی کاری ژیانی رۆژانەیان بکرێنە ئامانج. لە هەمان کاتدا، ژمارەیەکی زۆری ئەمریکییە موسڵمانەکان، ئەمریکییە عەرەبەکان و ئەمریکییە فەلەستینییەکان و چەندین کۆمەڵەی دیکەی خەڵک، توڕەن و ئازار دەکێشن ولە سەرهەڵدانەوەی ئەو ئیسلامۆفۆبیا و بێمتمانەییە دەترسن کە لە دوای 11ی ئەیلوول بینیمان.

کاتێک کە رق و کینە سەری دەهێنێتە دەرەوە، ناتوانین دەستەوسان بووەستین. پێویستە لەسەرمان، بێ یەک و دوو، سەرکۆنەی دژە سامێتی، ئیسلامۆفۆبیا و جۆرەکانی دیکەی رق و کینە و دەمارگیری بکەین. پێویستە تووندوتیژی و هێرشی زارەکی شەرمەزار بکەین و یەکدی بە دوژمن تەماشە نەکەین، بەڵکو وەک ئەمریکی.

لە ساتی هەبوونی ئەم هەموو تووندوتیژیی و نەهامەتییەدا لە ئۆکراینا، ئیسرائیل، غەززە و چەندین شوێنی دیکە، دەکرێت وێناکردنی دەرفەتی هەبوونی شتێکی جیاواز، زەحمەت بێت. بەڵام پێویستە هەرگیز ئەو وانەیە لەبیرنەکەین کە چەندین جار بە درێژایی مێژوو فێری بووین: لە نێو تراژیدیا و پشێوی گەورەدا، دەکرێت بەرەوپێشچوونی گەورە بەدەستبێت، هیوای زیاتر، ئازادیی زیاتر، توڕەیی کەمتر، نەهامەتیی کەمتر و جەنگی کەمتر. پێویستە پێداگریمان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە لەدەستنەدەین، چونکە ئێستا ئەو کاتەیە کە روانگەی روون، بیرۆکەی گەورە و بوێریی سیاسیی زیاتر لە هەر کاتێک پێویستن. ئەوە ئەو ستراتیجییەیە کە ئیدارەکەم بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا و سەرانسەری جیهان. هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی ئەو داهاتووەوە بنێین، بەرەوپێشچوونێکە کە جیهان پارێزراوتر و ئەمریکاش سەلامەتتر دەکات.

گوتارەکەی بایدن لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif