سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری رایگەیاند، لە دژی بەشێک لە مادە و بڕگەکانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق، لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە. دەشڵێت، "یاساکە چەند مادەیەکی دەستوور و مافی پێکهاتەکانە، دەمانەوێت پێکهاتەکان دەنگ بۆ بەربژێرەکانیان بدەن، نەوەک خەڵکی دیکە."
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، یەعقوب گورگیس یاقۆ، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق، ژمارە 12ـی ساڵی 2018، گوتی، "ئێمە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵامان لە دژی ژمارەیەک بڕگە و مادەی یاساکە هەیە، دیارترینیان داوامانکردووە لە هەڵبژاردندا ئەندامان و رۆڵەی پێکهاتەکان خۆیان دەنگ بۆ بەربژێرەکانیان بدەن، واتە لە پارێزگای کەرکووک بە نموونە تەنیا کریستیانەکان بتوانن دەنگ بە بەربژێرانی کریستیان بدەن، نەک پێکهاتەکانی دیکە."
هەروەها روونیدەکاتەوە "لە سکاڵاکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (ج) لە خاڵی دووەمی مادەی نۆی یاساکە کراوە کە خۆ بەربژێرکردن بۆ پێکهاتەکان تاکەکەسی دەبێت و پێکهاتەکان ناتوانن لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت."
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو، 29-11-2023، بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکە کۆببێتەوە کە لە دژی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە 12ـی ساڵی 2018، لە سەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە.
بەشێک لەلایەن و پارتە کریستیانەکان و بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن، داوا دەکەن تۆماری تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت.
بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و نوێنەرانی عێراق ژمارە 12ـی ساڵی 2018، پێکهاتەکان پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان لە پارێزگاکانی "بەغدا، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و هەولێر" تەرخاندەکرێت، پێکهاتەی ئێزدی یەک کورسیی لە پارێزگای نەینەوا، پێکهاتەی سابیئەی مەندایی یەک کورسیی لە بەغدا و پێکهاتەی شەبەک کورسییەکی لە پارێزگای نەینەوا و پێکهاتەی فەیلی یەک کورسیی لە پارێزگای واست دەبێت.
هەموو عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردنی دەبێت بۆ پێکهاتەی سابیئەی مەندایی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان و سابیئەی مەندایی و کوردی فەیلی و هەر کورسییەک بۆ پێکهاتەیەک لە بەغدا تەرخاندەکرێت، لە پارێزگای نەینەوا پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی و شەبەک یەکی یەک کورسییەکیان بۆ تەرخاندەکرێت، لە پارێزگای بەسرە یەک کورسی بۆ کریستیان، لە واست یەک کورسی بۆ فەیلییەکان، لە میسان یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندایی، لە پارێزگای کەرکووک یەک کورسی بۆ کریستیان.
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن، بەو پێیە ئەگەر ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردووە دابەشی کورسییەکان بکرێن، هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 21 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق