هێزێکی مارێنزی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست جوڵەی پێکرا

ليست هناك تعليقات


هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای مارێنزی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست جووڵەی پێکرا، ئەوەش لەکاتێکدایە مەترسی هەیە جەنگی غەززە و ئیسرائیل بۆ ململانێیەکی هەرێمی بگۆڕێت.

بە گوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، یەکەی 26ـی هێزی پیادەی مارێنز بە کەشتیی یو ئێس ئێس باتان بەرەو کەناڵی سوێز بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی لەوێوە بڕوات بۆ رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و لە نزیک ئیسرائیل لەنگەربگرێت.

کەشتیی باتان ئێستا لە دەریای سوورە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بگاتە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.

جێگیرکردنی کەشتییەکە لە نزیک لوبنان و ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە لوبنان جێبێڵن. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هێزی پیادەی مارێنز یارمەتیدانە لە گواستنەوەی خەڵکی سڤیل.

سێشەممەی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاند، "نەزانی و نابەرپرسیاریەتییە" ئەگەر پلانێک بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دانەنێن، لەوانەش لە لوبنان و ئیسرائیل، بەڵام ئەو کات، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "هێشتا نەگەیشتووینەتە خاڵی جێبەجێکردنی پلانەکە."

رۆژی هەینی 27-10-2023 دوای ئەوەی ئیسرائیل بڕیاریدا هێرشی زەوینی بۆ نێو کەرتی غەززە فراوان بکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت داوای لە ئەمریکییەکان کردەوە "دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن" و، هۆشداریی دا باشترین کات بۆ جێهشتنی وڵاتێک، "پێش دروستبوونی کێشەیە."

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاستی هۆشیاریی گەشتکردنی بۆ لوبنان بۆ ئاستی چوارەم بەرزکردەوە، کە بە واتەی ئەوە دێت، بە پێویستی دەزانن سەردانی لوبنان نەکرێت.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif