لە غەززە شوێنی بەخاکسپاردنی تەرم نەماوە

ليست هناك تعليقات



لە گۆڕستانەکانی غەززە شوێنی گۆڕ بۆ بەخاکسپاردنی تەرم نەماوە؛ ئەمەش خەمێکی دیکەی بۆ ئەو کەسانە زیاد کردووە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کەسوکاریان لەدەستداوە.

ئەبوو نوور، کەسوکاری مردوو دەڵێت، "لەم گۆڕستانە خەڵک هەر ئاوا دەنێژرێن. گۆڕستانەکە زۆر کۆنە. دەزانی چۆن؟ گۆڕەکان لەژێر زەوی تەرم و ئێسک و پرووسکی تێدایە، ئەوان لە لایەک کۆدەکەینەوە و 20 بۆ 25 تەرمی نوێ لە یەک گۆڕ و لە یەک شوێندا دەنێژین، وەکو گۆڕی بەکۆمەڵ."

بەخاکسپاردنی تەرم لە گۆڕی بە کۆمەڵ دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە شەڕ و پێکدادان و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 8000 فەڵەستینی دێت.

زیا عقل، دانیشتووی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، "20 رۆژ لەمەوبەر 500 شەهید لەم گۆڕستانە بەخاکسپێردران. ئێمەش ناچاربووین گۆڕی کۆن هەڵدەینەوە. شوێن نەمابوو. بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە شەهید بەیەکەوە دەهێندرێن."

بە گوتەی گۆڕهەڵکەنەکان، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، گۆڕستانێکی غەززە رۆژانە 60 بۆ 70 تەرمی بۆ دەچێت.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە مانگێک نزیک دەبێتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە بە نزیکەیی نیوەیان منداڵن؛ هەزارانی دیکەش برینداربوون، سەدان کەسیش هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی غەززەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif