با بۆ گەلی ئیسرائیل و فەلەستین دوعا بکەین!

ليست هناك تعليقات

 


گوربەخش چاهال 
-
سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی BNN
لە سەردەمێکدا کە میدیاکان بەردەوام لە ڕووداوەکانی جیهان ئاگادارمان دەکەنەوە، زۆرجار هەستی مرۆڤایەتیمان لە پشت مانشێتەکانەوە لەبەرچاو ناگرین. ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، یەکێک لەو ساتانە بوو. ململانێی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بە شێوەیەک پەرەی سەند کە زۆر کەس لە تەمەنی خۆیاندا رووداوی وایان نەدیوە.

ئاسایی لە کاتی ململانێدا زۆر ئاسانە کە بە فڵچەیەک تەواوی دانیشتووانی سەرزەوی بۆیاخ بکەی، و بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و کردەی ژمارەیەک کەس بدرێتە پاڵ زۆرینەیە، بەڵام کاتێک فراوانتر لە مانشێتەکان و ستراتیژییە سەربازییەکان و بیرکردنەوەی سیاسییەوە سەیر دەکەین، ئەو تاکانەمان بیردەکەوێتەوە- خەڵکی مەدەنی بێتاوان، منداڵان، بەساڵاچووان- کە لە تەقەکردنەکەدا پێوەبوون و گرفتار بوون.

چیرۆکەکانی هەردوولا دڵتەزێنن، منداڵەکان، خەونەکانیان کە هێشتا بەدی نەهاتوون، لێ ژیان زۆر کورت بووەتەوە. دایکان و باوکان، داپیر و باپیرەکان شایەتحاڵ و بینەری ئەو رووداوە ترسناکانەن کە هەرگیز نابێت کەس بیانبینێت. ئەمانە ئەو چرکەساتانەن، ئەو چیرۆکانەن کە دەبێت لەبیرمان بن. یانی هەرگیز نابێت ئەم وێنانە بکەونە ژێر کاریگەری هەنگاوی ستراتیژی و بڕیاری حکومەت و تاکتیکی بەرەی شەڕ.

ئامارەکان هەرچەندە ترسناک و ورووژێنەرن، بەڵام نابێت بێ ئاگامان بکەن بەرامبەر بەو کارەساتە مرۆییانەی کە ڕوودەدەن. چونکە لە پشت هەر ژمارەیەکەوە؛ ناوێک، چیرۆکێک، و ژیانێک هەیە. 1100 ئیسرائیلی کوژران. 700 فەلەستینی گیانیانلەدەستداوە کە 148یان منداڵن. ئەمانە تەنها ژمارە نین؛ ئەوان نوێنەرایەتی کەسانی ڕاستەقینە دەکەن کە هیوا و خەون و خێزانیان هەیە.

گرژی و گێژاوی ناوچەکە بۆ دەیان ساڵە بەردەوامە. بەڵام زۆر گرنگە لەبیرمان بێت کە زۆرینەی تاکەکانی هەردوو لایەن ئاواتەخوازی بەرقەراری: ئاشتی، خۆشگوزەرانی، سەلامەتی و داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ منداڵەکانیانن، بۆیەش نابێت ڕێگە بدەین کردەوەی ڕەوتە توندڕەوەکان تێڕوانینەکانمان بۆ تەواوی پێکهاتەکان بگۆڕێت.

لە بی ئێن ئێن بریکینگ، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی بێلایەنی و بابەتیبوونمان کردووە لە ڕاپۆرتەکانماندا. ئەم بنەمایە تەنها پرسێکی ڕۆژنامەوانی ڕووت نییە بەڵکو پرسێکی بەهاداری مرۆڤایەتییە. ئێمە ناتوانین- و نامانەوێت- لایەنگری بکەین. ئێمە ڕاستییەکان دەگوازینەوە و دەنگی ئەو کەسانە دەگەیەنین کە کاریگەرییان لەسەرە، بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ و بیرکردنەوەیان.

بەڵام ڕۆڵی ئێمە تەنها بە گواستنەوەی هەواڵ بە بێلایەنی کۆتایی نایەت. لەم کاتە سەختانەدا، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ئەمە دەخوێننەوە نەک تەنها ئاگاداربن، بەڵکو بەزەیی بنوێنن و بەسۆز بن. راستە رەنگە ئێمە لە ئێستادا نەتوانین کاریگەریمان لەسەر بڕیارە دیپلۆماسییەکان هەبێت، بەڵام دەسەڵاتمان هەیە کاریگەری لەسەر تێڕوانین و هەڵوێستەکان دابنێین، خۆ دەسەڵاتمان هەیە کە دڵنیابین لەوەی مرۆڤەکانی ئەو سەرزەمینانە بە وێناکردنی کردەوەی چەند کەسێک نابنە کەسانی نەفرەتلێکراو .

ئاگربەستێکی دەستبەجێ و وەستانی شەڕ و لە هەمووی گرنگتر، گفتوگۆیەک کە ئاشتییەکی بەردەوامی لێبکەوێتەوە، لە پێشینەی هیواداریماندایە، لە دڵیشەوە نزا و دوعا بۆ گەلی ئیسرائیل و فەلەستین، بۆ سەلامەتی و بۆ ئایندەیان دەکەین. با هەموومان بە شێوازی خۆمان بەشداری بکەین لە جیهانێکدا کە ئاشتی باڵادەست بێت و جیاوازییەکان پردێک بکەوێتە نێوانیانەوە و مرۆڤایەتی پێکەوە گەشە بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif