توێژینەوەیەك: مرۆڤایەتی لە قڕبوون نزیکبووەتەوە

ليست هناك تعليقات


نزیکەی 900 هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤایەتی نزیکبووەتەوە لەوەی بە تەواوی لەنێوبچێت و نەمێنێت، کاتێک کە ژمارەی مرۆڤی خاوەن توانای وەچەخستنەوە بۆ تەنیا هەزار و 280 کەس کەمبووەتەوە؛ ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە باس لەوەش دەکات، مرۆڤی کۆن بۆ ماوەی 117 هەزار ساڵ، ژمارەی هەر لەو ئاستەدا ماوەتەوە و زیادنەبووە. 

ئەم لێکۆڵینەوەیە کە 31ی ئاب لە گۆڤاری ساینس Science بڵاوکراوەتەوە، بە پشتبەستن بە لێکدانەوەیەکی کۆمپیوتەری لە لایەن کۆمەڵێک زانای چین، ئیتاڵیا و ئەمریکا کراوە. 

لە لێکۆڵینەوەکەدا، لێکدانەوە بۆ زانیاریی بۆماوەیی 3 هەزار و 154 مرۆڤی ئێستا کراوە. 

لێکۆڵینەوەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سەردەمانێک، 98.7٪ی باوباپیرانی مرۆڤ لەنێوچووبوون. لێکۆڵەرەکان پێیانوایە، کەمبوونەوەی مرۆڤ لەو سەردەمەدا راستەوانەیە لەگەڵ کەمیی نموونەی بەبەردبووی مرۆڤ و پاشماوەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە. 

هەروەها دەڵێن، کەمبوونەوەی مرۆڤ 900 هەزار ساڵ لەمەوبەر، وایکردووە جۆرە مرۆڤێکی دیکە دروستبێت کە بە باپیرەی هاوبەشی مرۆڤی هاوچەرخ، واتە مرۆڤی خاوەن هۆش و مرۆڤی نیاندەرتاڵ دادەنرێت. 

ییسوان پان، لێکۆلینڤانی باڵای لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی نۆرمالی رۆژهەڵاتی چین دەڵێت: "دۆزینەوە نوێیەکە بوارێکی نوێ لە بابەتی پەرەسەندنی مرۆڤدا دەکاتەوە، چونکە زۆر پرسیار دەوروژێنێت، وەک ئەو شوێنانەی کە ئەم کەسانە لێی ژیاون، چۆن بەسەر گۆڕانە کارەساتبارەکانی کەشوهەوادا زاڵبوون."

کەمبوونەوەی مرۆڤایەتی هاوکات بووە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە نێوەڕاستی چاخی بەستەڵەک، وەک لێکۆڵینڤانەکان دەڵێن. 
ماوەی سڕبوون و بەستنی زەوی زیاتر و دژواتر بووە، کە بووەتە هۆی سەرما و سۆڵەیەکی بەهێز کە هەموو شتێکی وشک کردووە. 

دواتر، 813 هەزار ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە مرۆڤ توانیویەتی ئاگر بکاتەوە، هەروەها کەشوهەوا دەستی بە گەرمبوونەوە کردووە، رەنگە مرۆڤ بە خێرایی دەستی بە زیادبوونکردبێتەوە، وەک زاناکان باسی دەکەن. 

زاناکان دەڵێن، کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی ئاگر بۆ چێشتلێنان، دەگەڕێتەوە بۆ 780 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بە ئیسرائیل دەناسرێت. 

ئەوەی کە وەرچەرخانی لە شێوازی تێگەیشتنماندا بۆ رابردووی مرۆڤ دروستکردووە، ناوکە ترشی کەم ئۆکسجین یاخود دی ئێن ئەی یە. کۆنترین نموونەی DNA کە دۆزرابێتەوە، بۆ 400 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. 

لێکدانەوەی کۆمپیوتەری پشت بە بڕێکی زەبەلاحی زانیاریی بۆماوەیی مرۆڤ دەبەستێت، بە بەراوردکردنی جیاوازیی نێوان وردەکاری نموونەکانی دی ئێن ئەی مرۆڤی سەردەمانی جیاواز، ژمارەی دانیشتووانی مرۆڤ لە ساتێکی دیاریکراوی مێژوودا مەزەندە دەکات. زانایان بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە پشتیان بە زنجیرەی بۆماوەیی 10 کۆمەڵەی ئەفریقی و 40ی دەرەوەی ئەفریقا بەستووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif