هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەدەچێت، بەشداریی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەرتەوازە و دوورە لە کۆدەنگی.
لە نەینەوا، کورد نزیکەی سێیەکی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنێت، لەو پارێزگایە کورد بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات و هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ناکات.
ئاراس محەممەد ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی حەوتی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکات، بە لیستێکی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات لەگەڵ هۆز و کەسانی نیشتمانپەروەر.
لە پارێزگای دیالە، یەکێتی و پارتی بەهەمان شێوە بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەکەن.
سۆزان مەنسوور، نوێنەری قەزای خانەقین و گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دیالە کورد بە سێ لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام، بۆیە کورد سێ لیستی دەبێت، یەکێتی بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. هەروەها هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسالیستی دیموکراتی کوردستان لیستی جیایان هەیە.
لە پارێزگای سەلاحەدین چەقی کورد لە قەزای خورماتووە. مەلا حەسەن، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕووداوی گوت، کورد لیستی سەربەخۆی لە پارێزگاکەدا نییە، چونکە بە لیستی سەربەخۆ دەرچوونی بەربژێری کورد بەهۆی سرووشتی یاسای هەڵبژاردن ئەستەمە، بۆیە چوونەتە نێو لیست و هاوپەیمانییە عەرەبییەکان.
مەلا حەسەن گوتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێو لیستی پارتی جەماوەریی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" دەبێت و بەربژێرەکەیشیان یاسین محەممەد عەلی یە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەنێو هاوپەیمانیی حەسم بەربژێری دەبێت. ئەگەر هەیە ژنێک بەربژێر بکات، بەڵام هێشتا بە فەرمی یەکلانەبووەتەوە.
حەشدی کوردی سەر بە رێکخراوی بەدر بەربژێری دەبێت، ژنێکە بەناوی نازک ئیبراهیم زەنگەنە. ئەگەر هەیە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەربژێریان هەبێت، بەڵام هێشتا ئەمە یەکلانەبووەتەوە.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەرووداوی راگەیاندوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکگرتوو لە خورماتوو بەشداری ناکات، لە نەینەوا و دیالەش هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. هاوپەیمانییان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری تەنیا بۆ پارێزگای کەرکووکە.
کورد لە کەرکووک بە پەرتەوازەیی بەشداری هەڵبژاردن دەکات، بەمشێوەیە:
- هاوپەیمانێتیی یەکێتی و حیزبی شیوعی،
- هاوپەیمانێتیی پارتی و ژمارەیەک حیزبی دیکە
- هاوپەیمانێتیی مەشخەڵ لەنێوان یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری.
هاوکات نەوەی نوێ بە جیا بەشداریی دەکات، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە جیا بەشداریی دەکات، بزووتنەوەی گۆڕان بە جیا بەشداری دەکات و ژمارەیەک حیزبی دیکەش بە بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی دەکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق